هەولێر.. فیلمی سینەمایی "کلاسیکۆ" نمایشکرا
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، فیلمی سینەمایی "کلاسیکۆ"، کە لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفایە، لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر نمایشکرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی تەممووزی 2026، شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، "فیلمی سینەمایی "کلاسیکۆ"، کە هەڵکەوت مستەفا کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، چیرۆکی دوو برای کورد دەگێڕێتەوە کە هەردووکیان کورتەباڵان و لە گوندێکی هەرێمی کوردستان دەژین. یەکێکیان عاشقی کچێکە، بەڵام باوکی کچەکە بەهۆی قەبارەی جەستەیی و دۆخی ژیانی، رازی نابێت کچەکەی بداتێ."
گوتیشی، "بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێت و رەزامەندی باوکی کچەکە بەدەست بهێنێت، لەگەڵ براکەیدا دەست بە گەشتێکی پڕ لە مەترسی دەکات بەرەو ئیسپانیا، بە هیوای ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ببینن و پێشکەشکردنی دیارییەکی تایبەت بۆی ببێتە هۆی گۆڕینی چارەنووسیان. لە رێگەی ئەم گەشتەدا، هەردوو براکە رووبەرووی کۆمەڵێک کێشە، ئاستەنگ و تاقیکردنەوەی ژیان دەبنەوە، کە باس لە هیوابوون، خۆباوەڕی و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە خەونەکان دەکات."
بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، هەموو چوارشەممەیەک کاتژمێر 6ی ئێوارە، بێ بەرانبەر فیلمی سینەمایی لە هەولێر لە ئێمپایەر سینەما نمایش دەکات.



