وەزیری پەروەردە: پلاتفۆڕمی قوتابخانەکەم هەنگاوی باشی ناوە

ئالان حەمەسەعید: قۆناخی بنەڕەتی پلاتفۆڕمی قوتابخانەکەم تەواو بووە

ئاڵان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە
ئاڵان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە

ئاڵان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارەمین کۆڕبەندی پەروەردەیی کوردستان لە هەولێر رایگەیاند، پلاتفۆرمی قوتابخانەكەم كە دەستپێشخەریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی كوردستانە، هەنگاوی باشی ناوە. 

ئالان حەمەسەعید ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی تەممووزی 2026، لە گوتاری کردنەوەی کۆڕبەندەکە گوتی: لێرەوە دەمەوێت بە فەرمی دەستپێشخەرییەکی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کەرتی پەروەردەیی رابگەیەنم، کە ساڵێک و نیو لەمەوبەر سەرۆکوەزیران بیرۆکەی دروستکردنی سەکۆیەکی دیجیتاڵی کارلێکەران بۆ قوتابیان پێشکەشی وەزارەتی پەروەردەی کرد.

گوتیشی: ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەسەر ئەم پرۆژەیە دەستمان بەکار کرد، بە تایبەتیش رێکخراوی یونیسێف هاوکارێکی جددی ئەم پرۆسەیە بوون، هەروەها رێکخراوی کوردستان فاوندەیشن رۆڵێکی گرنگیان لەم پرۆسەیە بینی.

ئالان حەمەسەعید گوتی: ساڵی رابردوو لەم کۆڕبەندە ئەزموونێکمان پێشکەش کردن و پۆلەکانی یەک، دوو و سێمان لە چەند قوتابخانەیەک وەرگرت، ئێستاش بەڕێوەبەر قوتابخانەکان لێرە ئامادەن کە ئەم پلاتفۆرمەیان تێدا جێبەجێکراوە و سوودیان لێوەرگرتووە، بۆیە دوای سەرکەوتوونی ئەم ئەزموونە لە وەزارەتی پەروەردە بڕیارماندا دەستپێشخەرییەکەی سەرکوەزیران فراوان بکەین و بیکەینە پرۆژەیەکی گرنگ و فراوان بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

هەروا ئاماژەیدا، ئێستا پلاتفۆرمەکە بۆ قۆناخی بنەڕەتی تەواو بووە و بۆ وەرزی نوێی خوێندن ئامادەیە، ئێستاش کار لەسەر قۆناخی کۆتایی دەکرێت، کە پۆلەکانی 10 و 11 و 12 دەگرێتەوە، هەرچەندە لە پۆلەکانی 10 و 11 کارەکانی دەستی پێکردووە؛ ئەم پرۆژەیە گەورەترین و ناوازەترین پرۆژەیە حکوومەت خاوەندارێتی دەکات.