ناوی وەرگیراوان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی کوردستان راگەیەنرا
پێویستە وەرگیراوان لە ماوەی سێ رۆژدا پەیوەندی بە بەشەکانیانەوە بکەن
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12ــی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) راگەیاند.
چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) راگەیاند و، لە ئێستاوە دەرچووان و پێشکەشکاران دەتوانن لە رێگەی ئەم لینکەوە ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە راگەیەنراوێکدا روونی کردەوە، پێشکەشکارانی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە دەرچوونی ناوەکانیان، پێویستە لە رێگەی هەمان پۆرتاڵ و بە بەکارهێنانی کۆدی تاقیکردنەوەکانیان ئەنجامی وەرگرتنیان وەربگرنەوە؛ هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە سەرجەم وەرگیراوان لە ماوەی سێ رۆژدا پەیوەندی بەو بەش و زانکۆیەوە بکەن کە لێی وەرگیراون بە مەبەستی جێبەجێکردنی مامەڵەکانیان، بە پێچەوانەوە مافی وەرگرتنیان لەو بەشەدا نامێنێت.
راگەیاندنی ئەنجامی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان، هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تایبەت بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، کە ساڵانە بە رێژەی (10% بۆ 20%) دادەبەزێنرێت؛ ئەم هەنگاوەش وەک پاڵپشتییەک بۆ قوتابییان و لە پێناو رەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا گیراوەتەبەر.
کۆی گشتیی دەرچووانی پۆلی 12ـی ئەمساڵ ئەمساڵ 40 هەزار و 716 قوتابی بووە، لەو ژمارەیە 30 هەزار و 847 دەرچووی زانستی و حەفت هەزار و 923 دەرچووی وێژەیین، لەگەڵ 706 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و 1240 دەرچووی پیشەیی.