حەماس: لە پێناو رزگارکردنی گەلی فەڵەستیندا سازشمان کرد
"سازشە سیاسییەکانمان بە واتای دەستبەرداربوون لە مافە نیشتمانییەکان نییە"
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس، دووپاتی کردەوە، رەزامەندیی بزووتنەوەکەیان بۆ رێککەوتنی ئاشتیی گشتگیر، دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە فەڵەستینییەکان هاتووە و ئامانجی سەرەکی پاراستنی گەلی فەڵەستینە. ئاماژەی بەوەش کرد، حەماس سازشی سیاسی پێشکەش کردووە؛ بەڵام دەستبەرداری پرۆژە نیشتمانییەکەی نابێت.
بەرەبەیانی هەینی 31ـی تەممووزی 2026، غازی حەمەد، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، رەزامەندیی بزووتنەوەکە لەسەر رێککەوتنی ئاشتیی گشتگیر دوای زنجیرەیەک راوێژ لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی فەڵەستین هاتووە. ئامانج لەم هەنگاوە کۆتاییهێنانە بە جەنگ و رزگارکردنی فەڵەستینییەکان لەو بارودۆخە مرۆییە سەختەی کە تێیدا دەژین.
غازی حەمەد جەختی لەوە کردەوە، بزووتنەوەکە سازشی سیاسی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پێشکەش کردووە، بەڵام دەستبەرداری پرۆژە سیاسییەکەی نابێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو راوێژانەی حەماس لەگەڵ لایەنە فەڵەستینییەکان ئەنجامی داون، بە مەبەستی گەیشتن بووە بە هەڵوێستێکی نیشتمانیی یەکگرتوو کە پاڵپشتی لە رێککەوتنەکە بکات و دەرفەتەکانی سەرکەوتنی زیاتر بکات. دووپاتی کردەوە، کە بڕیارەکە تاکڕەوانە نەبووە، بەڵکوو دوای گفتوگۆی چڕوپڕ لەگەڵ هێزە فەڵەستینییەکان دراوە.
غازی حەمەد گوتیشی: "حەماس پێی باش بوو سازش بکات لەپێناو رزگارکردنی گەلی فەڵەستین." ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنەکە چارەسەرێکە بۆ واقیعی ئێستا؛ بەڵام هەرگیز هەڵوێستە سیاسییە بنەڕەتییەکانی بزووتنەوەکە ناگۆڕێت.
چەک و پابەندیی لایەنەکان
سەبارەت بە هەستیارترین خاڵی رێککەوتنەکە، حەمەد جەختی کردەوە، رادەستکردنی چەکی حەماس بە شێوەیەکی دەستبەجێ یان یەک لایەنە نابێت، بەڵکوو بەشێک دەبێت لە جێبەجێکردنێکی دوولایەنە بۆ رێککەوتنەکە. روونی کردەوە، جێبەجێکردنی ئەم بەندە مەرجدارە بە پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بەوەی لەسەری رێککەوتوون.
هەروەها ئاماژەی بە بوونی خشتەیەکی کاتی کرد بۆ جێبەجێکردنی قۆناخە جیاوازەکان، لەوانەش بەندەکانی پەیوەست بە چەک و رێکارە ئەمنییەکان.
ئەوەشی گوت: رێککەوتنەکە دامەزراندنی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریی لەخۆ دەگرێت، کە ئەرکی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی پابەندییەکان و دڵنیابوونەوەیە لەوەی هەموو لایەنەکان بە بەندەکانەوە پابەندن، ئەمەش میکانیزمێکی گەرەنتییە لە قۆناخی گواستنەوەدا.
"حەماس وەک ئەکتەرێکی سیاسی دەمێنێتەوە"
ئەم سەرکردەیەی حەماس دووپاتی کردەوە، رێککەوتنەکە بە واتای کۆتاییهێنان بە بوونی حەماس یان هەڵوەشاندنەوەی نایەت، بەڵکوو بزووتنەوەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و لە قۆناخی داهاتوودا بەردەوام دەبێت لە چالاکییە سیاسییەکانی.
باسی لەوەش کرد، دەستبەرداربوونی بزووتنەوەکە لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە شتێکی نوێ نییە و حەماس پێشتریش چەندین جار پێشنیاری کردووە کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ حکوومەتێکی تەکنۆکرات جێبهێڵێت، بۆیە ئەم رێککەوتنە درێژکراوەی ئەو پێشنیازانەیە نەک گۆڕانکارییەکی کتوپڕ.
کشانەوەی ئیسرائیل و هێزە نێودەوڵەتییەکان
حەمەد ئاشکرای کرد، رێککەوتنەکە دەقێکی تێدایە بۆ کشانەوەی ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە بە پێی خشتەیەکی کاتی کە لە قۆناخەکانی جێبەجێکردندا لەسەر وردەکارییەکانی رێکدەکەون.
هاوکات رایگەیاند: بەندەکانی پەیوەست بە بڵاوەپێکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی لە ناو کەرتەکەدا هێشتا بە کۆتایی نەهاتوون و پێویستیان بە گفتوگۆی زیاتر هەیە بۆ دیاریکردنی سروشتی ئەو هێزە و ئەرک و میکانیزمی کارکردنیان.
ئەم لێدوانانەی غازی حەمەد دوای بڵاوبوونەوەی رەشنووسی رێککەوتنی ئاشتیی گشتگیر دێت لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، کە باس لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لە ماوەی 14 رۆژدا و گواستنەوەی ئیدارەی غەززە بۆ لیژنەیەکی نیشتمانیی سەربەخۆ دەکات.
تا ئێستا ئیسرائیل بە فەرمی رەزامەندیی لەسەر سەرجەم وردەکارییەکان رانەگەیاندووە و هەندێک خاڵ هێشتا لە ژێر گفتوگۆی لایەنەکان و نێوەندگیرەکاندایە.