محەمەد ئیحسان: ئەگەر عێراق داوای لێبوردن نەکات تاوانی ئەنفال دژی کورد دووبارە دەبێتەوە
سەرپەرشتیاری تیمی تایبەت بە دۆزینەوەی گۆڕی ئەنفالکراوان لە ساڵی 2003، هۆشداری دەدات لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی تاوانەکانی جینۆساید دژی کورد و رەخنەی تووند لە حکوومەتی عێراق دەگرێت کە ئامادە نییە قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە، جەختیش دەکاتەوە کە داوای لێبووردنکردن لە خەیاڵی بەغدادا نییە.
رۆژی هەینی، 31ی تەممووزی 2026، محەمەد ئیحسان، سەرپەرشتیاری تیمی تایبەت بە دۆزینەوەی گۆڕی ئەنفالکراوان لە ساڵی 2003، رایگەیاند، پێویستە بە هەموو جۆرێک قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیانلێکەوتووانی جینۆساید بکرێتەوە، بۆ ئەوەی داهاتوویان مسۆگەر بکرێت و رووداوەکان لە قۆناخی تەنیا دڵنەوایی دەرچن. هۆشداریش دەدات کە تاوەکو ئێستا ترسی دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە هەیە و برینەکان قووڵن.
سەبارەت بە هەڵوێستی بەغدا، محەمەد ئیحسان روونیکردەوە، داوای لێبووردنکردن لەسەر ئاستی کەسی و حکوومی لە خەیاڵی حکوومەتی عێراقدا نییە. ئەو بەرپرسە عێراقییەکان بەوە وەسف دەکات کە تەنیا لە رووبەڕوو هاوسۆزی دەردەبڕن، بەڵام لە واقیعدا هیچ هاوسۆزییەکیان نییە. هەروەها دەڵێت: "سیاسییەکانی عێراق سیاسیی قەزا و قەدەرن، رەفتاریان نە رەفتاری پیاوی دەوڵەتە و نە پیاوی سیاسەتە، کاتێکیش داوای لێبووردن ناکرێت، واتا ئەگەری دووبارەبوونەوەی تاوانەکە هەیە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەمەد ئیحسان بەراوردی نێوان قەرەبووکردنەوەی کوەیت و کورد دەکات و دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ پارەی قەرەبووی کوەیت و هەندێک وڵاتی دیکە لە خەرجییەکانی عێراق دەدرێت، بەڵام قەرەبووی ئەنفالکراوانی کورد نەکراوەتەوە. ئاماژەی بە هەڵەیەکی یاساییش کرد لە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، کە کێشەی ئەنفالکراوانی خستووەتە سەر مافی کەسی، ئەمەش بەشێکە لە عەقڵیەتی "تەسویف" (خۆدزینەوە و کاتکوشتن)ی یاسایی و کۆمەڵایەتیی عێراق، کە بە گوتەی ئەو "پێت دەڵێن چاوت ماچ دەکەم، بەڵام هیچت پێ نادەم".
لە کۆتاییدا، سەرپەرشتیاری پێشووی تیمی دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، رەخنە لە لایەنی کوردیش دەگرێت کە تا رادەیەک کەمتەرخەم بوونە و کێشەکانیان بە دروستی نەخستووەتەڕوو، بەڵام پێیوایە هێشتا درەنگ نییە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تەواو داوای قەرەبووکردنەوەی ئەو خەڵکە لە حکوومەتی عێراق بکرێت. جەختیش دەکاتەوە: "ئەگەر ئەوە نەکەین، ئەوەی بەسەر کورد هات دووبارە دەبێتەوە.