مەسرور بارزانی: عێراق بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی لەسەرە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال
لە یادی ئەنفالی بارزانییەکاندا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ ئەرکی دەستووری و بەرپرسیارەتیی ئەخلاقیی خۆی جێبەجێ بکات و بەشێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی جێنۆساید و ئەنفال و هەموو کەسوکاری قوربانییانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق بکاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 31ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کورستان رایگەیاند: ئەمڕۆ چل و سێ ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت کە کۆمەڵکوژی و جێنۆسایدکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانییە.
مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، "لەم یادە خەمناکەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی بارزانییە ئەنفالکراوەکان و گشت شەهید و ئەنفالکراوەکانی کوردستان لە گەرمیان و بادینان و بالیسان و شێخ وەسانان و کوردی فەیلی و شنگال دەکەینەوە".
مەسرور بارزانی سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکات و دەڵێت" پێزانینی زۆرمان بۆ هەموو ئەو جوامێرانە هەیە کە لەو رۆژگارە سەختانەدا، یارمەتی و هاوکاریی کەسوکاری لێقەوماوی بارزانییە ئەنفالکراوەکانیان کرد".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، "پێویستە حکوومەتی فیدراڵ ئەرکی دەستووری و بەرپرسیارەتیی ئەخلاقیی خۆی جێبەجێ بکات و بەشێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی جێنۆساید و ئەنفال و هەموو کەسوکاری قوربانییانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق بکاتەوە"
هەروەها دەشڵێت" هەروەک پێویستە خەڵکی کوردستان ئەم تاوانانەی هەرگیز لە یاد نەچێتەوە و بزانێت کە گەلی کوردستان، قوربانییەکی زۆر و بێوێنەی لەپێناو مافە رەواکانی داوە، بۆیە هەرگیز دەستبەرداری دەسکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی نابێت و بە هەموو شێوەیەک پارێزگارییان لێ دەکات".