کەرکووک.. بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە گەندەڵی ژمارەیەک ئەفسەر و پلە باڵای ئەمنی دەستگیرکران
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، لە بەردەوامیی هەڵمەتەکانی کابینەکەی عەلی زەیدی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی، هێزە ئەمنییەکان چەند بەرپرس و ئەفسەرێکی باڵای ئەمنییان لە کەرکووک دەستگیرکردووە کە دوو بەڕێوەبەری فەرمانگە فەرمییەکانی شارەکەی تێدایە.
هەینی 31ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا 15 کارمەند و ئەفسەر لە دەزگا ئەمنییە جیاوازەکاندا دەستبەسەر کران کە بەشێکیان کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی کەرکووک بوون، ئەمڕۆ ژمارەیەکی دیکە لە تۆمەتباران دەستگیرکراون کە لە نێویاندا دوو بەڕێوەبەر و بەرپرسی باڵای ئەمنی هەن.
ئەم فەرماندە و بەرپرسانە سەرپەرشتی دوو فەرمانگەی گرنگ و بنەڕەتیی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە کەرکووک دەکەن و یەکێکیان کوردە.
سەرچاوەکەی پۆلیس هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم ئەفسەر و بەرپرسە باڵایانەی بۆ تێوەگلانیان لە دۆسیەکانی گەندەڵی، وەرگرتنی پارە و رەشوە لە هاووڵاتییان لە بەرامبەر راییکردنی مامەڵەکانیاندا گەڕاندەوە. جەختی کردەوە، دەستگیرکردنی ئەم بەرپرسە نوێیانە لەسەر بنەمای دانپێدانانی فەرمیی ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی تر دێت کە پێشتر لە لایەن دەستەی دەستپاکی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە دەستگیر کرابوون.
ئەم ڕێکار و دەستگیرکردنانە بەشێکن لەو هەڵمەتە نیشتمانییە بەرفراوانەی کە لە لایەن کابینەکەی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدییەوە بۆ کۆنترۆڵکردن و بنبڕکردنی گەندەڵی لە دامەزراوە کارگێڕی و ئەمنییەکانی عێراقدا ڕاگەیەندراوە.