یەکێتی ئەوروپا: سەرکەوتنی رێککەوتنی غەززە پێویستی بە پابەندبوونی هەموو لایەنەکانە

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند پلانی داماڵینی چەکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، ئەگەر بەتەواوی جێبەجێ بکرێت، هەنگاوێکی بونیاتنەر دەبێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، بەڵام جەختی کردەوە، سەرکەوتنی ئەم رێککەوتنە پێویستی بە پابەندیی تەواوی هەموو لایەنەکان هەیە.

هەینی 31ـی تەممووزی 2026، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، پێشوازی لەو رێککەوتنە کرد کە بە نێوەندگیری ئەمریکا و بە پاڵپشتی میسر، قەتەر، تورکیا و نیکۆلای ملادینۆڤ، نێردەی نێودەوڵەتی گەیشتووەتە ئەنجام، ئاماژەی بەوەش کردووە، دڵنیابوونەوە لە پابەندیی حەماس بە بەندەکانی رێککەوتنەکە ئاڵەنگارییەکی گەورە دەبێت و پێویستە لە کۆتاییدا ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بکشێتەوە.

بەرپرسەکەی یەکێتی ئەوروپا جەختی کردەوە، یەکێتییەکەیان ئامادەیە پاڵپشتی هەنگاوەکانی داهاتوو بکات، لەوانە چوونە ناوەوەی لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە و هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی، هەروەها گوتی: یەکێتی ئەوروپا گەورەترین بەخشەری هاوکارییە مرۆییەکانە بۆ غەززە و لە مانگی تەممووزدا بەڵێنی 900 ملیۆن یۆرۆی داوە بۆ پشتیوانی لە پرۆسەی بووژانەوەی کەرتی غەززە.

رەزامەندییە مەرجدارەکەی حەماس:

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، بزووتنەوەی حەماس رۆژی هەینی رایگەیاند، رەزامەندییان بۆ هێنانە ناوەوەی دۆسیەی چەکی قورس لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست، مەرجدارە بە راگرتنی تەواوەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل، کشانەوەی هێزەکانیان لە کەرتی غەززە، دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و جێگیرکردنی هێزی پاراستنی نێودەوڵەتی.

حەماس لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، مامەڵەی ئەوان و گروپە فەڵەستینییەکان لەگەڵ پێشنیازی نێوەندگیرەکاندا بەرپرسانە و ئەرێنی بووە، جەختیشی کردەوە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەم بەستراوەتەوە بە پابەندبوونی ئیسرائیل بە هەموو بەندەکانی قۆناغی یەکەم و کۆتاییهێنان بە کوشتار و دەستدرێژییەکان.

هاوكات، ئەنجوومەنی ئاشتی لە غەززە نەخشەڕێگایەکی بۆ جێبەجێکردنی پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ بڵاوکردەوە، ئەم نەخشەڕێگایە وردەکارییەکانی راگرتنی شەڕ، گواستنەوەی ئیدارەی کەرتەکە بۆ لیژنەیەکی مەدەنی فەڵەستینی، رێکخستنەوەی سیستەمی ئەمنی و کشانەوەی ئیسرائیل لەخۆدەگرێت.