ئەمریکا و ئەوروپا داوای گرتنەبەری رێکاری توند و پاراستنی سنوورەکان دەکەن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا حکوومەتی ئیسپانیا تۆمەتبار دەکات
پەڕینەوەی لەناکاو و بێپێشینەی نزیکەی 60 هەزار کۆچبەر لە مەغریبەوە بۆ شاری سیوتای باکووری ئەفریقا کە لەژێر کۆنترۆڵی ئیسپانیادایە، گەورەترین قەیرانی ئەمنی و سیاسی لە یەکێتی ئەوروپا دروست دەکات؛ لە کاتێکدا فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و دانمارک هۆشداری توند دەدەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی شنگن دەکەن، دۆناڵد ترەمپیش دۆخەکە وەک هۆشدارییەک بۆ سەر داهاتووی ئەمریکا پێش هەڵبژاردنەکان دەخاتەڕوو.
کەناراوەکانی شاری سیوتا لە باکووری ئەفریقا کە لە ژێر دەسەڵاتی ئیسپانیادایە، رووبەڕووی قورسترین و گەورەترین شەپۆلی کۆچبەرانی نایاسایی بووەوە لە مێژووی خۆیدا، کاتێک تەنیا لە ماوەی چەند رۆژێکدا نزیکەی 60 هەزار کۆچبەر لە مەغریبەوە بەرەو شارەکە پەڕینەوە، کە ئەم ژمارەیەش زیاتر لە نیوەی تێکڕای دانیشتووانی شارەکە پێکدەهێنێت.
خۆان جیسۆس ڤیڤاس، پارێزگاری شاری سیوتا رایگەیاند, کۆچبەرەکان بە مەلەکردن بە دەوری بەربەستی سنووری دەریاییدا هاتوونەتە ناو شارەکە، و بەهۆی سەرکێشییەکانەوە لانی کەم 34 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە گیانیان لەدەستداوە.
گەڕانەوەی کۆچبەران و هەڵوێستی مەدرید
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند, تا ئێستا زیاتر لە 35 هەزار کۆچبەر بە شێوازێکی ئارەزوومەندانە لە سیوتاوە گەڕاونەتەوە بۆ ناو خاکی مەغریب، و پڕۆسەی گواستنەوەی کاتی بە خێرایی 150 کەس لە خولەکێکدا بەڕێوەدەچێت و پرۆسەی گەڕانەوەی کۆچبەرانیش بەردەوامە.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، رووداوەکەی وەک دەستدرێژی بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئیسپانیا سەرکۆنە کرد و رایگەیاند: "حکوومەت سەرجەم کەرەستەکانی دەوڵەت بەکاردەهێنت بۆ زامنی ئاسایش و جێگیرکردنی بەربەستی فیزیکی کلاودی لە دەریا، هاوشانی خێراکردنی رێککارەکانی دیپۆرتکردنەوە و هاوئاهەنگی لەگەڵ مەغریب دژی مافیاکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ."
کاردانەوە و وەڵامدانەوەی توندی وڵاتانی ئەوروپا
ئەڵمانیا
فرێدریک مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا بە توندی داوای لە مەغریب کرد، بەبێ دواکەوتن کۆچبەرە نایاساییەکان وەرگرێتەوە، و جەختی لەسەر پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا کردەوە. هاوڕێ لەگەڵ بڕیارەکەی ئەلیکساندەر دۆبریندت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا برای درێژکردنەوەی چاودێریی توندی سەر سنوورە ناوخۆییەکانی ئەڵمانیا لە دوای مانگی ئەیلوول. لە لایەکی ترەوە، ئالیس وایدڵ، هاوسەرۆکی پارتی راستڕەوی کۆنەپارێزی ئەڵمانیا رایگەیاند، شارەکە بە تەواوی وێران بووە و پێویستە متمانەی شنگن لەگەڵ ئیسپانیا بسەنرێتەوە و بۆ پاراستنی ئەڵمانیا.
فەرەنسا
ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا فەرماندا بە بەهێزکردنی چاودێری سنوورەکانی لەگەڵ ئیسپانیادا، و لارۆنت نونێز، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، هێزی دەستوەردانی خێرای بۆ سەر سنوورەکان چالاک کردووە. مارین لێپێن، رێبەری راستڕەوی فەرەنسا حکوومەتی سۆسیالیستی ئیسپانیای تۆمتەبار کرد بەوەی هاندەری کۆچبەران بووە بۆ تێپەڕبوون، و جۆردان باردێلا داوای کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی ئەوروپای کرد.
ئیتاڵیا
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، ئەم دۆخە مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ سەر سنوورەکانی ئەوروپا، و لە پەیوەندی لەگەڵ ماتیۆ پیانتێدۆسی، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، ئامادەن بۆ گرتنەبەری رێکاری توند و هەڵوەشاندنەوەی کاتیی رێککەوتننامەی شنگن لەگەڵ ئیسپانیادا.
دانمارک و بەریتانیا:
مێتی فرێدریکسۆن، سەرۆک وەزیرانی دانمارک داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد لێکۆڵینەوە بکات بۆ دوورخستنەوەی کاتیی ئیسپانیا لە شنگن. ئەندی بێرنهام، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش رایگەیاند کە فەرمی پێشنیازی هاوکارییان پێشکەش بە ئیسپانیا کردووە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە.
یەکێتی ئەوروپا
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دۆخەکەی بە قبووڵنەکراو وەسف کرد، و ماگنوس برۆنەر، بەرپرسی پاراستنی سنوورەکان/فرۆنتێکس و دۆبراڤکا شویکا بۆ پەیوەندی لەگەڵ مەغریب راسپارد بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرای دۆخەکە.
سوودوەرگرتنی دۆناڵد ترەمپ لە قەیرانەکە بۆ هەڵبژاردنەکان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ فۆکس نیووز، هێرشی توندی کردە سەر رکابەرە دیموکراتەکانی و دیمەنەکانی کەمپی سیوتای وەک هۆشدارییەک بەکارهێنا بۆ سەر داهاتووی ئەمریکا ئەگەر دیموکراتەکان سەرکەوتوو بن لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی تشرینی دووەمدا، و گوتی: "ئەمە دۆخی ئێمە دەبێت لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا ئەگەر لایەنی هەڵە دەسەڵات بگرنە دەست."
هاوکات، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا نووسیویەتی کە ئەم دیمەنانە کارەسات و لێکەوتەکانی "سیاسەتە توندڕەوە لۆکاڵییە جیهانییەکانی چەپەکانە" کە بووەتە هۆی داگیرکردنی رۆژئاوا.
ستیڤن میلەر، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆشکی سپیش رایگەیاند، دیموکراتەکان دڵخۆش دەبن بە بینینی ماڵ و حاڵی هاووڵاتییان کاتێک لە لایەن داگیرکەرانەوە تاڵان دەکرێت. ئەم پەرەسەندنانە هەوڵێکی کۆمارییەکانە بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەیان لە هەڵبژاردنەکاندا بە تایبەت دوای ئەوەی راپرسییەکان نیشانی دەدەن کە متمانەی جەماوەر بە ترەمپ بۆ نزمترین ئاستی لە 30% دابەزیوە.
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکی فەرمیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" هەڵوێستی فەرمیی واشنتنی سەبارەت بە قەیرانی کۆچبەرانی شاری "سێوتا" لە باکووری ئەفریقا راگەیاند.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووهکانی ئەمریکا لە هاوشانی گەلی ئیسپانیا و سەرجەم ئەوروپییەکاندا دەوەستێت لە دژی ئەم پێشێلکارییە ئاشکرایەی کە بەرامبەر بە سەروەریی خاک و مافەکانی مرۆڤ ئەنجامدراوە."
لە لایەکی ترەوە، دەرەوەی ئەمریکا رەخنەی قورسی ئاڕاستەی سیاسەتەکانی مەدرید کرد و بە تەواوی حکومەتی ئێستای ئیسپانیای بە بەرپرسیار زانی و رایگەیاند: "ئەم رووداوە قبووڵنەکراوە دەرەنجامی راستەوخۆی هەوڵە ئانقەستەکانی حکوومەتی ئیسپانیایە بۆ رێگەخۆشکردن و ئاسانکاریی فەرمی بۆ کۆچبەریی نایاسایی بەکۆمەڵ بەرەو ناو ئەوروپا."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئیدارەی ئەمریکا ئێستا لێکۆڵینەوە دەکات لەسەر گرتنەبەری هەر هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لەم هەڕەشانە، و ئامادەیی تەواوی خۆی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی تری کە بەهۆی ئەم قەیرانەوە بیر لە گرتنەبەری بڕیاری هاوشێوەی توند دەکەنەوە بۆ پاراستنی سنوورەکانیان.