ئەمریکا فشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران توندتر دەکات

 وەزیری خەزێنەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی فشارە سەربازی و ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران. جەختیشی کردەوە واشنتن کۆڵ نادات لە هەوڵەکانی بۆ راوەدوونان و دەستبەسەرداگرتنی پارە و داراییەکانی ئێران لە تەواوی جیهاندا.

ئەمڕۆ شەممە، 1ـی ئابی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس نیوز رایگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا بە وردی کار لەسەر شوێنپێهەڵگرتنی ئەو پارە ئێرانییانە دەکات، لە دەرەوەی ئەو وڵاتەن. ئاماژەی بەوەش کرد، گەمارۆکانی سەر تاران بەردەوام دەبن، ئەمەش هاوتەریب لەگەڵ رێکارە سەربازی و ئابوورییەکان کە ئامانجیان سنووردارکردنی تواناکانی کۆماری ئیسلامییە.

وەزیری خەزێنەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، بڕێکی زۆر پارەی ئێرانی لە وڵاتانی جیهان بڵاوبووەتەوە، و وەزارەتەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە لە گەڕان بەدوایاندا.

گوتیشی: "واشنتن هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو پارانە دەدات، بە ئامانجی ئەوەی ئاڕاستەی گەلی ئێرانیان بکات، هەروەها بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو لایەنە یاساییانەی لە ئەمریکا بەهۆی ئێرانەوە زیانیان بەرکەوتووە."

بێسێنت لە چوارچێوەی سیاسەتی ناسراو بە فشاری زۆرینە کە واشنتن دژی تاران پەیڕەوی دەکات. لە سەرەتای مانگی تەممووزەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لیستەکانی سزای سەر ئێرانی فراوانتر کردووە و دەیان کەسایەتی، قەوارە، و تۆڕی گواستنەوە و دارایی خستووەتە لیستی رەشی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانە بیانییەکان.

سزاکان بە پلەی یەکەم بازرگانی نەوت 'کەشتیگەلی سێبەر'، کۆمپانیاکانی دڵنیایی و خزمەتگوزارییە دەریاییەکانیان کردووەتە ئامانج، جگە لەو تۆڕە داراییانەی واشنتن تۆمەتباریان دەکات بە دابینکردنی بودجە بۆ سوپای پاسداران و کڕینی چەک.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی خەزێنە، لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە تا ئێستا، سزای توند بەسەر زیاتر لە 100 کەشتیی "کەشتیگەلی سێبەر"دا سەپێنراوە، کە ئێران بۆ دەربازبوون لە سزاکان و بەردەوامیدان بە داهاتی نەوت بەکاریان دەهێنێت.