عێراقچی هۆشداری دەداتە بەریتانیا

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ئید میلیباند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، چەند پرسێکی پەیوەست بە ئاسایشی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان تاوتوێ کران.

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، تاران لەگەڵ وڵاتی عومان خەریکی رێکخستنی میکانیزمە یاسایی و تەکنیکییەکانی هاتوچۆی دەریاییە لە گەرووی هورمز و هۆشداری دا هەر دەستێوەردانێکی لایەنی سێیەم لەم پرسەدا دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری و ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخەکە.

هاوکات عێراقچی بە توندی رەخنەی لە هەڵوێستەکانی بەریتانیا گرت و ئەو وڵاتەی تۆمەتبار کرد بەوەی هاوکار و تێوەگلاو بووە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە بڕیارەکەی لەندەن بۆ ناساندنی هێزە چەکدارەکانی ئێران وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا و داوای کرد پێداچوونەوە بەم جۆرە سیاسەتانەدا بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە لایەنە یاساییەکانی ململانێکان کرد و رایگەیاند، بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەر وڵاتێک خاک یان دامەزراوەکانی بخاتە خزمەت هێرشکردنە سەر وڵاتێکی دیکە، ئەوا وەک بەشێک لە کردەوەی شەڕەنگێزی ئەژمار دەکرێت و ئەمەش مافی بەرگری رەوا بە ئێران دەدات.

سەبارەت بە هەوڵە سیاسییەکانیش، عێراقچی ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی پێشتر بۆ گەیشتن بە ئاشتی هەنگاوی رژدی ناوە و لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا گەیشتبوونە رێککەوتنی کۆتایی بۆ راگرتنی جەنگ، بەڵام ئەمریکا بەڵێنەکانی شکاندووە و رێگری لە جێبەجێکردنی کردووە.

لە بەرامبەر ئەم تێبینییانەدا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دڵنیایی دایە لایەنی ئێرانی کە حکوومەتە نوێیەکەی لەندەن خوازیاری جەنگ نییە و بەشێک نییە لە هیچ ململانێیەکی سەربازی دژی ئێران، بەڵکو ئامانجی سەرەکییان پەنابردنە بەر دیپلۆماسی و کەمکردنەوەی گرژییەکانە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.