کۆریای باکوور: ناتۆ خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات

ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆریای باکوور رایگەیاندووە، بڕیاری هاوپەیمانی ناتۆ بۆ نوێکردنەوە و فراوانکردنی ژێرخانی تایبەت بە سووتەمەنی، ئاماژەیە بۆ خێراکردنی ئامادەکارییەکانی هاوپەیمانییەکە بۆ جەنگ و بەهێزکردنی تواناکانی هێرشبردنی.

ئاژانسەکە روونیکردووەتەوە پڕۆژەکە، لەلایەن ناتۆوە پەسەند کراوە، پڕۆژەکە نوێکردنەوەی تۆڕێکی بۆریی سووتەمەنی بە درێژایی 10هەزار کیلۆمەتر لەخۆ دەگرێت، مێژووەکەی بۆ سەردەمی جەنگی سارد دەگەڕێتەوە. بڕیارە ئەم تۆڕە نوێ بکرێتەوە و وڵاتانی نوێی ئەندام لە رۆژهەڵات و باکووری ئەوروپاش بگرێتەوە، جگە لە دروستکردنی هێڵی نوێ و کۆگای ستراتیژی بۆ سووتەمەنی و پەرەپێدانی دامەزراوەکانی ئێستا.

سەرەڕای هەبوونی ناکۆکی لەنێوان وڵاتانی ئەندام سەبارەت بە تێچووە خەیاڵییەکەی، بەڵام ناتۆ ئەم پلانەی وەک ئەولەویەتێکی ستراتیژی داناوە. ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە دروستکردنی یەدەگێکی سووتەمەنییە کە دەستەبەری توانای هاوپەیمانێتییەکە بکات بۆ بەڕێوەبردنی جەنگەکان و مانەوە لە مەیدانی شەڕدا.

لە لایەکی دیکەوە، ناتۆ خەریکی فراوانکردنی ئامادەیی خۆیەتی لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن. لە رێگەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکا و ئەنجامدانی چالاکی سەربازی لە نزیک نیمچە دوورگەی کۆریا، ناتۆ پەیامی ئەوە دەدات، دەیەوێت هەژموونی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەشدا بسەپێنێت.

بەشداریی وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لە مانۆڕە دەریاییە گەورەکانی وەک (Rim of the Pacific - RIMPAC)، وەک ئاماژەیەک دەبینرێت بۆ ئەوەی ناتۆ هەوڵ دەدات توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە هەر شوێنێکی جیهان و لە هەر کاتێکدا هەبێت.