ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشیی سەربازیی بەرزکردەوە
ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشیی سەربازیی خۆی بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردەوە بەهۆی ئەگەری نزیکبوونەوەی هێرشێکی گەورەی ئەمریکا دژی ئێران، لە کاتێکدا فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا هۆشداری دەداتە پێنتاگۆن کە بەهۆی کەمبوونی کەشتییە جەنگییەکانەوە ناچار دەبێت لە نێوان پاراستنی ئەمریکا یان ئیسرائیلدا یەکێکیان هەڵبژێرێت.
شەممە 1ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی فەرمیی ئیسرائیلی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئیسرائیلی12 رایگەیاند، گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە لوتکە و دۆخەکە بە تەواوی لە لێواری تەقینەوەدایە.
بەپێی سەرچاوەکە، ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشیی هێزەکانی بەرز کردووەتەوە چونکە بەپێی خەمڵاندنەکان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەموو کاتێک زیاتر لە هێرشێکی گەورە و ستراتیژی دژی ئێران نزیک بووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا بڕیارەکە بە تەواوی یەکلا نەبووەتەوە.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکە ئاشکرای کرد، هێشتا ترەمپ بڕیاری کۆتایی لەسەر قەبارە و مەودای هێرشەکە نەداوە و روون نییە کە ئایا دەیەوێت ئیسرائیل لە قۆناخی یەکەمدا لەگەڵیدا بەشدار بێت یان نا.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی واشنتن پۆست لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ژەنەڕاڵ "ئەلێکسۆس گرینکێڤیچ"، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا، هۆشداریی توندی داوەتە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) کە هێزە دەریاییەکانی ژێر فەرماندەیی ئەو، بەشی ئەوە ناکەن بەردەوام بن لە پاراستنی ئیسرائیل لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییە بالیستییەکاندا
ژەنەڕاڵ گرینکێڤیچ لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن رایگەیاندووە، ئەگەر لانی کەم یەک کەشتیی تێکشکێنەری دیکە بۆ هێزەکانی دابین نەکرێت، ئەوا بەهۆی کەمبوونی کەرەستەکانەوە ناچار دەبێت لە نێوان پاراستنی خاکی نیشتمانیی ئەمریکا یان بەردەوامبوون لە پاراستنی ئیسرائیل، یەکێکیان هەڵبژێرێت.
بەپێی ئامارەکان، ئێستا تەنیا دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن، و یەک کەشتیی دیکەش لە دەریای سووردا جێگیرە.