راوێژکارێکی موجتەبا: بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئێران بناخەی هەژموونی ئەمریکا دەهەژێنێت

راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران، هۆشداریی دا لە هەر جۆرە بە ئامانجگرتنێکی ژێرخانی وڵاتەکەی و رایگەیاند، ئەوە هێڵی سوورە؛ ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هەڕەشانەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی ئێران دەربڕیبووی.

شەممە 1ـی ئابی 2026، محەمەد موخبیر راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران، لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە رایگەیاند، ئەمریکا بە هاوکێشەی سەربازی لێکدانەوە بۆ کارەکان دەکات، لە کاتێکدا ئێران بە لۆژیکی مێژوو وەڵام دەداتەوە." هەروەها گوتیشی: "هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ژێرخانی ئێران، ئەو درزانە بەئاگا دەهێنێتەوە کە ئەندازیاریی هەژموونی ئەمریکا لە ماوەی 250 ساڵی رابردوودا لەسەری بونیاد نراوە."

ئەو راوێژکارە ئاماژەی بەوەش کرد، رووخانی ئەو بنەمایانە نە ناوەندێکی فەرماندەیی دەهێڵێتەوە و نە بازاڕێک بۆ تاڵانکردن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەرهاوێشتە قورسەکانی هەر هێرشێک کە دامەزراوە هەستیارەکانی ئێران بکاتە ئامانج.

ئەم لێدوانانەی محەمەد موخبیر راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەهۆی پەرەسەندنە ئەمنی و سەربازییەکانی ناوچەکە گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز. رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان هەردوولا لە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەست لە 8ـی تەممووزدا بەردەوامە و هێرشی سەربازی و هەڕەشەی توند لە نێوان هەردوولادا ئاڵوگۆڕ دەکرێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییە مەیدانییانەدا، راپۆرتە ئەمریکییەکان ئاشکرایان کردووە، فەرمانی سەرۆکایەتی بۆ ئامادەکاریی گەڕێکی نوێی هێرشەکان دەرکراوە، بە مەبەستی زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر ئێران.