بلومبێرگ: کەشتییەکی قەتەری لە گەرووی هورمز هێرشی کراوتەسەر
بەگوێرەی کۆمپانیاکانی هەواڵگریی ئەمنی و داتاکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان، کەشتییەکی گازی سروشتیی شلکراو (LNG) کە بارێکی قەتەری هەڵگرتبوو، لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمزدا بەر مووشەک یان تەنێکی فڕیو کەوتووە، ئەمەش مەترسیی پەککەوتنی زیاتری دابینکردنی سووتەمەنی لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا زیاد دەکات.
شەممە 1ـی ئابی 2026، کۆمپانیاکانی راوێژکاری ئەمنی " ڤانگارد تێک" و "ماریسکس" رایانگەیاند، کەشتییەکە ناوی "گاسلۆگ شانگهای"یە، هاوکات دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) ئاماژەی بەوە کرد، کەشتییەکە لە نزیک کەناراوەکانی عومان و لەناو گەرووی هورمزدا لە کاتژمێرەکانی شەودا هێرشی کراوەتە سەر، بەبێ ئەوەی تا ئێستا هیچ زیانێکی ژینگەیی تۆمار بکرێت.
کەشتییەکە لە نزیکەی 27ـی تەممووزدا باری گازی لە قەتەرەوە بارکردووە، بەڵام لە 31ـی تەممووزدا نیشانەکانی پەیوەندیکردنی لە نزیک دەروازەی رۆژئاوای گەرووی هورمز پچڕاوە، وا دەردەکەوێت لە کاتی هێرشەکەدا کەشتییەکە ئامێرەکانی گواستنەوەی نیشانەی کوژاندبێتەوە.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی کۆمپانیای گازلۆگ کە بنکەکەی لە یۆنانە و سەرپەرشتی کەشتییەکان دەکات، لە بەیاننامەیەکدا دووپاتی کردەوە، " گاسلۆگ شانگهای" بەر مووشەکێکی نەناسراو کەوتووە و بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا لەسەر کەشتییەکە، هەروەها ئاماژەی بەوە دا هیچ کام لە ئەندامانی تیمەکەی بریندار نەبوون و ئەو ئاگرەی بەهۆی هێرشەکەوە کەوتبووەوە، کۆنترۆڵ کراوە.
پەرەسەندنی هێرشەکان و تێکچوونی کاروانی گواستنەوەی گاز:
ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر جووڵەی کەشتییەکانی گواستنەوەی گاز لە گەرووی هورمز دروست کردووە، کە پێنجیەکی گازی جیهانی پیادا تێپەڕ دەبێت، لە سەرەتای ئەم مانگەشدا کەشتییەکی دیکەی قەتەری رووبەڕووی هێرش بووەوە، ئەمەش وای کرد قەتەر وەک دووەم گەورەترین هەناردەکاری گاز لە جیهاندا، بۆ ماوەی سێ هەفتە گواستنەوەی گاز لەو رێگەیەوە رابگرێت.
لە لایەکی دیکەوە، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رۆژی شەممە راگەیاندراوێکی جیاوازی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، کەشتییەکی دیکە تەقینەوەیەکی لە نزیک خۆی هەست پێکردووە، بەڵام هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە.
لەم هەفتەیەدا کەشتییەکی دیکەی کۆمپانیای "گاسلۆگ" بە ناوی "گاسلۆگ سەلیم " لە کاتی وەستانی لە بەندەری دەمیات لە باکووری میسر، لە رێگەی درۆنەوە هێرشی کرایە سەر، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە رانەگەیاندووە.