ترەمپ: ئەمریکا دان بە سەروەریی مەغریب بەسەر بیابانی رۆژئاوادا دەنێت
سەرۆکی ئەمریکا، لە بروسکەیەکی فەرمیدا بۆ شای مەغریب، جەختی لە پاڵپشتیی واشنتن بۆ سەروەریی مەغریب بەسەر بیابانی رۆژئاوادا کردەوە.
شەممە، 1ـی ئابی 2026، دیوانی شاهانەی مەغریب راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بروسکەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی شا محەمەدی شەشەم، شای مەغریب کردووە، بەبۆنەی 27ـەمین ساڵوەگەڕی جەژنی تەختی پادشایەتییەوە، کە تێیدا جەختی لەوە کردووەتەوە واشنتن و رەبات بە بۆنەی تێپەڕبوونی 250 ساڵ بەسەر پەیوەندییە مێژوویی و دۆستایەتییەکانیاندا دڵخۆشن و ئاهەنگ دەگێڕن.
بە پێی راگەیەنراوەکە، ئەمریکا دان بە سەروەریی مەغریب بەسەر بیابانی رۆژئاوادا دەنێت و پێشنیازی ئۆتۆنۆمیی پێشکەشکراو لەلایەن مەغریبەوە بە "جیددی، باوەڕپێکراو و واقیعی" دەزانێت.
ترەمپ لە نامەکەیدا نووسیویەتی: "واشنتن بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بەم ناکۆکییە. باسی لەوەش کردووە، کە کاتی ئەوە هاتووە بگەینە چارەیەکی گشتگیر کە خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە بکات.
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی ئەو رۆڵە گرنگەی کرد کە مەغریب دەیگێڕێت لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی و، ئاماژەی بە هەوڵەکانی شانیشینەکە کرد لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی، پاڵپشتیکردنی ئاشتی و، هاوکاریی هاوبەش بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی ناوچەی بیابانی رۆژئاوا.
هاوکات ترەمپ جەختی لەسەر خواستی واشنتن بۆ فراوانکردنی هاوبەشییەکانی لەگەڵ رەبات کردەوە و روونی کردەوە، ئیدارەکەی تیمی تایبەتی راسپاردووە بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ مەغریب، بە شێوازێک کە ناوچەی بیابانی رۆژئاواش بگرێتەوە.
کێشەی جیۆپۆلەتیکیی "بیابانی رۆژئاوا" لە باکووری رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا، ململانێیەکی مێژووییە لە نێوان شانیشینی مەغریب و "بەرەی پۆلیساریۆ"دا؛ کە دووەمیان باڵێکی سیاسی و سەربازییە و سەرکردایەتیی کیانێک دەکات بە ناوی "کۆماری عەرەبیی سەحراوی دیموکرات".
جوگرافیای دەسەڵاتی مەیدانی لەم هەرێمەدا بە شێوازێکی نایەکسان دابەش بووە؛ بە جۆرێک حکوومەتی رەبات کۆنترۆڵی زۆرینەی رەهای رووبەری ناوچەکە (نزیکەی چوار لەسەر پێنجی خاکەکە بە رێژەی 80%) دەکات، لە کاتێکدا کەمینەکەی دیکە کە تەنیا 20% دەبێت، لەژێر دەستی لایەنی بەرامبەردایە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دەستووری، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پۆلێنی ئەم دەڤەرە وەک "هەرێمێکی ناخۆبەڕێوەبەر" دەکات و، هەر بەهۆی ئەم کێشەیەشەوە لە ساڵی 1991ـەوە هێزێکی هاوبەشی چاودێریی ئاشتی لەوێ جێگیر کردووە، بەو ئامانجەی زەمینە خۆش بکات بۆ ئەنجامدانی راپرسییەکی گشتی تاوەکوو دانیشتووانی رەسەنی ناوچەکە خۆیان داهاتووی سیاسیی خاکەکەیان دیاری بکەن.