لە بیابانەکانی ئەفغانستان تەرمی 14 کۆچبەر دۆزرانەوە
دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان رایانگەیاند، تەرمی 14 کەسیان لە بیابانی گەرمی باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە دۆزیوەتەوە، کە هەوڵیان دەدا بە نایاسایی بگەنە خاکی ئێران، بەڵام دوای چەندین رۆژ لە گەرمایەکی تاقەتپڕووکێندا گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم کۆچبەرانە دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان تێکچووە، ناچار بوون بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بە پێ بڕۆن. پڕۆسەی گەڕان بەدوایاندا دوای ئەوە دەستی پێکرد، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بە ماندوێتی و تینوێتییەکی زۆرەوە گەیشتە یەکێک لە گوندەکانی ویلایەتی نیمرۆز بۆ داوای یارمەتی.
سەرەتا تەرمی پێنج کەسیان دۆزرایەوە، بەڵام دوای پڕۆسەیەکی گەڕانی ورد، تەرمی 14 کەسی دیکەش دۆزرانەوە کە بەهیوای رزگاربوون بەردەوام بوون لە رۆیشتن لە ناو جەرگەی بیابانەکەدا.
عەبدولخالق، یەکێک لە دانیشتووانی ویلایەتی بادغیس، بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کەسوکاری چوو بوو، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "ئەم 14 گەنجە هەموویان خەڵکی گوندی ئێمەن، پێش 23 رۆژ ماڵیان جێهێشتووە و ئەمڕۆ تەرمەکانیان دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی بە خاکی بسپێرن."
لەلایەکی دیکەوە، عەبدولمەتین قانی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە، هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
ناوچەی نیمرۆز بە یەکێک لە گەرمترین و وشکترین ناوچەکانی ئەفغانستان دادەنرێت، کە لەم وەرزەدا پلەی گەرما تێیدا دەگاتە 45 پلەی سەدی. ئێران وەک وێستگەیەکی سەرەکی بۆ ئەو کۆچبەرە ئەفغانییانە دەبینرێت کە بەهۆی خراپی باری ئابوورییەوە وڵاتەکەیان جێدەهێڵن، بەڵام بەهۆی نەبوونی رێگەی یاسایی، پەنا بۆ رێگەی مەترسیدار دەبەن.
ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئەفغانستان و ئێران جگە لە گەرمای بکوژی هاوین، لە زستانیشدا دەبنە ناوچەیەکی مەترسیدار؛ لە کانوونی یەکەمی رابردوودا 18 کۆچبەری ئەفغانی، کە مێردمنداڵێکی 15 ساڵانیان لەنێودا بوو، بەهۆی سەرماوە لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ ئێران گیانیان لەدەستدا.