جەنگی ئێران هەفتانە 25 ملیۆن پاوەند زیان بە ئابووریی سکۆتلاند دەگەیەنێت

بەگوێرەی نوێترین شیکارییە ئابوورییەکان، بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، کاریگەریی نەرێنی قورسی لەسەر ئابووریی سکۆتلاند دروستکردووە و هەفتانە تێچوویەکی زۆر دەخاتە سەر گیرفانی هاووڵاتییان.

بەگوێرەی نوێترین شیکاریی "ناوەندی زانیارییەکانی وزە و هەرێمی"، بەردەوامیی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی سکۆتلاند هەیە و هەفتانە نزیکەی 25 ملیۆن پاوەند تێچووی زیادەی خستووەتە سەر گیرفانی سکۆتلەندییەکان.

ناوەندەکە لە نوێترین شیکار و بەدواداچوونەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا تا ئێستا، خێزانە سکۆتلەندییەکان نزیکەی 230 ملیۆن پاوەند تێچووی زیاتریان بۆ خەرجی و گوزەرانی رۆژانەیان خەرج کردووە، کە زیاتر لە نیوەی ئەم پارەیە پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و گازوێڵەوە. هەروەها پێشبینیش دەکات بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە، تێچووی وێستگە و پسوولەی وزەی هەر خێزانێکی سکۆتلەندی تا ساڵی داهاتوو نزیکەی 90 پاوەند زیاد بکات.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتی ناوەندەکەدا هاتووە، کۆی تێچووی زیادەی وزە و سووتەمەنی بۆ خێزانەکان، کەرتی بازرگانی و پیشەسازیی سکۆتلاند لە 0.5 ملیار پاوەند تێپەڕ دەبێت. لەنێویاندا، پشکی پیشەسازی و بازرگانییەکان بە نزیکەی 290 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێنرێت، کە تێچووی زیادەی هەر هەفتەیەک دەگاتە 15 ملیۆن پاوەند.

پێشتر ئاماژە بەوە درابوو کە هۆکارە جیۆپۆلیتیکییەکان وەک فاکتەری مەترسی بۆ ئەمساڵ دەمێننەوە و پەرەسەندنی دوژمنکارییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەخت لەو راستییە دەکەنەوە. سەدان کەس لە ئێران کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش لە ئیسرائیل و لە نێو هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە. هەرچەندە ئێران رایگەیاندووە کە رێڕەوی گەرووی هورمز دانەخات، بەڵام ئاڵۆزییەکان بوونەتە هۆی ناسەقامگیری لە بازاڕەکانی وزەی جیهان.

ئەم بارودۆخە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابووریی بەریتانیا هەیە، بەتایبەت لە رێگەی بەرزبوونەوەی نرخی وزەوە، کە نرخی نەوتی جیهانی. بەگوێرەی پێوەرەکان، هەر 10 دۆلار بەرزبوونەوە لە نرخی نەوت، رێژەی 0.1% دەخاتە سەر هەڵئاوسان. ئەمەش وایکردووە تێچووی گوزەران گرانتر بێت، هەرچەندە نرخەکان لە چاو ساڵی 2003دا هێشتا بە نرخێکی کەمتر دادەنرێن.

جگە لە نەوت، بەریتانیا 50% بۆ 60%ی گازە سروشتییەکەی هاوردە دەکات، کە بەشێکی زۆری لە قەتەرەوە دێت. هەر پچڕانێک لە دابینکردنی گازی سروشتی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کارەبا و گاز. ئەمەش بانکی ناوەندی بەریتانیا (BoE) دەخاتە بەردەم بڕیارێکی سەخت بۆ دیاریکردنی رێژەی سوود، چونکە بەرزبوونەوەی تێچووی وزە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان و رەنگە بڕیاری کەمکردنەوەی رێژەی سوود دوابخات.