بەقائی: پێشێلکارییەکانی ئەمریکا هۆکاری داخرانی گەرووی هورمز بوو
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان تاران و مەسقەت لە قۆناخی کۆتاییدایە و هاوکات گوتەبێژی وەزارەتەکە، جەخت دەکاتەوە کە بەڕێوەبردنی داهاتووی گەرووی هورمز لە ئەستۆی ئێران دەبێت و بە راوێژ لەگەڵ عومان و گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ئەنجام دەدرێت.
یەکشەممە 2ـی ئابی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا راپۆرتێکی لەسەر دوایین دۆخی گفتوگۆکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عومان پێشکەش کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بە بەرەوپێشچوونی ئەرێنیی گفتوگۆکان، رایگەیاند، دانوستانەکانانی نێوان تاران و مەسقەت سەبارەت بە گەرووی هومز لە کۆتایی نزیکبوونەتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانەدا، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەپێی بەندی پێنجەمی یادداشتی لێکگەیشتنی کۆتاییهاتنی جەنگ، بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز دەبێت لەلایەن ئێرانەوە بێت و بە ڕاوێژ لەگەڵ وڵاتی عومان و گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا بێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ماوەی 22 یان 23 ڕۆژی یەکەمی جێبەجێکردنی لێکگەیشتنەکەدا، رێڕەوی باکووری گەرووەکە بە تەواوی ئارام بووە و کەشتییەکان بە بێ کێشە هاتوچۆیان تێدا کردووە، بەڵام پێش کۆتاییهاتنی مۆڵەتە 30 رۆژییەکە کە دیاریکرابوو بۆ گەڕانەوەی هاتوچۆی دەریایی بۆ دۆخی پێش جەنگ، لایەنێک "دەستدرێژیی دژی ئێران ئەنجامداوە" و بووەتە هۆی تێکچوونی دۆخەکە.
ئیسماعیل بەقایی ڕوونیکردەوە، رێککەوتنی نێوان ئێران و عومان لەسەر رێڕەوە نوێیەکە، هیچ پەیوەندییەکی بە کردنەوە یان بەردەوامبوونی داخستنی گەرووی هورمزەوە نییە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم رێڕەوەی لەسەری رێککەوتوون، نە رێڕەوی باکووری پێشوو دەبێت و نە ڕێڕەوی باشووری ئێستا، بەڵکو رێڕەوێکی تەواو نوێ دەبێت کە بە رەزامەندیی هاوبەشی هەردوولا دیاریکراوە.
رەخنەی لە بەکارهێنانی رێڕەوی باشووری ئێستای گەرووی هورمز گرت و رایگەیاند، ئەو رێڕەوە بووەتە هۆی دروستبوونی نائارامی لە ناوچەکەدا و زیانی بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران گەیاندووە، بۆیە تاران بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکات.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریی دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رایگەیاند، "ئەگەر ئەمریکییەکان بەدوای سەرکێشیدا بگەڕێن، بێگومان وەڵامێکی گونجاو و توندیان لەلایەن ئێمەوە پێدەگات."
بەقایی ئاماژەی بە لایەنی دیپلۆماسیی ململانێکان کرد و ئاشکرای کرد، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، چەندین پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەلایەن بەرپرسانی بریتانیا، بولگاریا و ئۆکرانیاوە پێگەیشتووە. بە گوتەی بەقایی، بەرپرسانی ئەم وڵاتانە لە پەیوەندییەکاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکانیان نابنە بەشێک لە هیچ جەنگ و پێکدادانێک دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.