وۆڵ ستریت جۆرناڵ: کەنداو بەرامبەر ئێران دابەش بووە
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای دەکات، دەوڵەتانی کەنداو نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر بە ناڕوونیی ستراتیژیی ئەمریکا دژی تاران دەربڕیوە؛ لە کاتێکدا سعوودیە داوای دیپلۆماسی و کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکات، ئیمارات پێی وایە تەنیا گورزی سەربازی دەتوانێت تاران ناچاری پاشەکشە بکات.
یەکشەممە 2ـی ئابی 2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆردوومانە سەربازییەکانی دژی ئێران راگرتووە، دوای ئەوەی هاوپەیمانە عەرەبەکانی لە کەنداو بەتایبەت سعوودیە و نێوەندگیرە ناوچەییەکان داوای پێدانی دەرفەتیان بە دیپلۆماسی کردووە.
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات، قەتەر پێشنیازێکی نوێی پێشکەش کردووه بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، و ئێرانیش لای خۆیەوە ئامادەیی پیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، هەرچەندە کێشەی گەورە لەسەر دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی رێڕەوەکانی کەشتیوانی و تێچووی گواستنەوە لە نێوان هەردوولادا بەردەوامە.
رۆژنامەکە باسی لەوەش کرد، وڵاتانی کەنداو نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕیوە لە ناڕوونی و گۆڕانی بەردەوامی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە تاران؛ هۆشداری دەدەن کە درێژەکێشانی ئەم جەنگە بەم شێوازەی ئێستا، ئەوان رووبەڕووی مەترسیی تۆڵەسەندنەوەی توند و لێدانی ژێرخانی سەرەکی و وێستگەکانی کارەبا و ئاویان دەکاتەوە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتەوە.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەشی داوە، سعوودیە بە فەرمی داوای لە دۆناڵد ترەمپ کردووە متمانە بخاتە سەر کایەی دیپلۆماسی و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، لە کاتێکدا دەیەوێت بەڵێنی ئەمنیی بەهێزتر لە واشنتن بەدەستبهێنێت، بەڵام لە بەرامبەردا، ئیمارات پێی وایە تەنیا گرتنەبەری رێکاری توندی سەربازیی ئەمریکا دەتوانێت کۆماری ئیسلامی ناچار بە پاشەکشە بکات، کە ئەمەش نیشانەی جۆرێک لە دابەشبوونی قووڵە لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە کەنداو بەرامبەر بە پرسی جەنگی ئێران.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، راپرسییەکان دەریانخستووە کە جەنگ لەگەڵ ئێراندا لای دەنگدەرانی ئەمریکی پەسەند نییە و بووەتە بارگرانی لەسەر شانسی کۆمارییەکان بەرلە هەڵبژاردنە ناوەندییەکانی مانگی تشرینی دووەم؛ هاوکات بەرپرسانی ئێرانیش ئاستەنگە سیاسییە ناوخۆییەکانی ترامپ وەک کارتێکی گوشار و رێگەیەک بۆ دەستکەوتنی باڵادەستی لە دانوستانەکاندا دەبینن.
بەپێی گوتەی دیپلۆماتکارێکی ئێرانی بۆ رۆژنامەکە، ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان شکست بهێنن، سوپای پاسدارانی ئێران بیر لە ئەنجامدانی هێرشی پێشوەختە دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەمریکاش هیچ هێرشێک نەکات.