دیندار زێباری: دەبێت تاوانەکانی داعش وەک جینۆساید بناسرێن
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکوومەتی فیدراڵی عێراقە چیتر دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش بە تۆمەتی جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ دوا نەخەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، 12 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یەکێک لە دڕندەترین تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، کاتێک تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری و یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی سەدەی بیست و یەکەم دەرهەق بە کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکە ئەنجامدا، کە خۆی لە کوشتنی بەکۆمەڵ، رفاندن، فرۆشتنی ئافرەتان و منداڵان، زۆرەملێکردنی گۆڕینی ئایین و وێرانکردنی شوێنە پیرۆزەکاندا دەبینێتەوە. لەم بارەوە، دکتۆر دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: بەگوێرەی بەڵگە و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان، ئەو تاوانانەی دەرهەق بە کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە ئەنجامدراون، جینۆساید و تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە و نابێت هەرگیز لە بیر بکرێنەوە. لەم کارەساتەدا 6417 کەس رفێندران، لەوانە 3548 لە رەگەزی نێر و2869 لە رەگەزی مێ بوون. هەروەها نزیکەی پێنج هەزار ئێزدی شەهید کران و سەدان هەزار هاووڵاتی ناچار بوون ماڵ و زێدی خۆیان بەجێبهێڵن و پەنا بۆ هەرێمی کوردستان بەرن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم ساتەکانی ئەو کارەساتەوە، سەرەڕای بارودۆخی سەختی سەربازی و ئابووری، دەرگای هەرێمی کوردستانی بەڕووی ئاوارەکاندا کردەوە، کەمپی دامەزراند، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دابین کرد و هەوڵی دا ژیانی قوربانیان بپارێزێت.
سەبارەت بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رزگارکردنی رفێندراوان و یارمەتیدانی قوربانیان و کەسوکاریان، رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: تا ئێستا بە هەوڵەکانی نووسینگەی رزگارکردنی ڕفێندراوان توانراوە (٣٥٩٥) ڕفێندراو ڕزگار بکرێن؛ لەوانە (١٢١٣) ئافرەت، (٣٣٩) پیاو، (١٠٧٩) منداڵی کچ و (٩٦٤) منداڵی کوڕ. بەڵام هێشتا (٢٥٢٦) کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە؛ لەوانە 1215مێ و1311 نێر.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەنتەرێکی چارەسەرکردنی دەروونی بۆ رزگاربووان لە شاری دهۆک دامەزراندووە کە زیاتر لەهەزار رزگاربوو سوودیان لێ وەرگرتووە. هەروەها زیاتر لە هەزار ئافرەتی رزگاربوو رەوانەی ئەڵمانیا کراون بۆ چارەسەری دەروونی. تا ئێستا 93 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکەکەسی لە شنگال و دەوروبەری دۆزراونەتەوە. لەو گۆڕانە 296 تەرم دەرهێنراون، لەوانە 41 مێ و 255 نێر بوون و بە رێگای پشکنینی DNA ناسێنراون و رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە، بەڵام هێشتا دەیان گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە چاوەڕێی هەڵکۆڵین و لێکۆڵینەوەن.
رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە لە ساڵی 2014ەوە تا ئێستا زیاتر لە3 هەزار کەیس تۆمار کراون و رێکارە یاساییەکانیان تەواو کراون. هەروەها حکوومەتی هەرێم بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (UNITAD)، پڕۆژەی دۆکیومێنتکردنی تاوانەکانی داعش ئەنجامداوە و زیاتر لە 57 گێگابایت بەڵگە و دۆکیومێنتی تاوانەکان لەلایەن UNITADەوە رادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراون.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای کوردانی ئێزیدی، دیندار زێباری گوتی: بەگوێرەی ئامارەکان ئێستا 135،860 ئێزدی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین و 189،337 کەسی دیکە لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و حکوومەت خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانیان پێشکەش دەکات، هەروەها کار دەکات بۆ دابینکردنی مەرجی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ شنگال.
هەروەها ئاماژەی بە پرۆژەی پاڵپشتی دارایی بۆ رزگاربووانی دەستی داعش کرد، کە لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2024 راگەیەنرا و تا ئێستا زیاتر لە 3550 رزگاربوو سوودیان لێ وەرگرتووە، هەروەها میکانیزمێکی تایبەت بۆ وەرگرتنی رزگاربووان لە زانکۆ و پەیمانگاکان و بەخشینی کرێی خوێندنی پارالێل جێبەجێ کراوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، دکتۆر دیندار زێباری جەختی کردەوە، تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، بەبێ دادگاییکردنی تاوانباران بە تۆمەتی جینۆساید، تاوانە دژی مرۆڤایەتییەکان و تاوانەکانی جەنگ، نابێت ببێتە هۆی درێژبوونەوەی بێسزایی. هەر بۆیە، داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکوومەتی فیدراڵی عێراق کرد چی دیکە دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش دوا نەخەن و چوارچێوەیەکی یاسایی و نێودەوڵەتیی کارا بۆ لێپرسینەوەیان دابمەزرێنن.
هەروەها جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی هەموو ونبووان، هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ناساندنەوەی قوربانیان، قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و کەسوکاریان، و جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنی شنگال، ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە، دەرکردنی هەموو گرووپە چەکدارە نایاساییەکان، دامەزراندنی کارگێڕی و هێزی ئاسایشی یاسایی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، ئاسودە و بەڕێزی ئاوارەکان و دابینکردنی ژیانێکی شیاو بۆ دانیشتووانی شنگال.