کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر: پابەندین بە بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ئێزدییەکان

ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر تاوانی جینۆسایدی ئێزدییەکان لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانی داعشەوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر پێویستیی بەدیهێنانی دادپەروەری و دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ پێکهاتەکان کردەوە.

لە پەیامەکەی کونسوڵخانەی ئەمریکادا هاتووە "12ساڵ پێش ئێستا، گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش تاوانی جینۆسایدیان دژ بە پێکهاتەی ئێزدی کرد، ئەمڕۆ یاد و ئازاری ئەوانە دەکەینەوە کە گیانیان لەدەستدا و رێز لە خۆڕاگریی ئەو رزگاربووانە دەگرین کە ئەم یادە بە زیندوویی دەهێڵنەوە."

ئاماژە بەوەش کراوە، بەرقەرارکردنی دادپەروەری بۆ ئەم تاوانە دڕندانەیە لەگەڵ دەستەبەرکردنی ئاسایشی بەردەوام، خۆشگوزەرانی و پاراستنی پێکهاتەکان گرنگییەکی تایبەتیان هەیە.

لە کۆتایی پەیامەکەدا، کونسوڵخانەی ئەمریکا جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانییەکانی واشنتن کردووەتەوە و رایگەیاندووە " ئەمریکا پابەند دەبێت بە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافی بنەڕەتیی ئازادیی ئایینی و هاوکاریکردن لە بونیادنانی داهاتوویەکدا کە تێیدا سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق بتوانن بە سەلامەتی و شکۆمەندییەوە بژین."