بەرگریی شارستانیی سۆران: ئاگرێکی گەورە لە سنووری گوندی باپشتیان کۆنترۆڵ کرا
"نزیکەی 30 دۆنم زەوی و دوو باخ لە سۆران سووتان"
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران رایدەگەیەنێت، ئاگرێکی گەورە لە سنووری گوندی باپشتیانی سەر بە قەزای سۆران لە ناوچەیەکی سەربازیدا کەوتووەتەوە و لە ماوەیەکی کەمدا بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە، پاش ئەوەی بەهۆیەوە 30 دۆنم زەویی داپۆشراو بە پووش و پەڵاش و دوو باخ سووتاون.
رۆژی دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، ئەبوبەکر سلێمان، پەیامنێری کوردستان24 لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە لە سنووری گوندی باپشتیانی قەزای ناوەندیی سۆران و لە ناو سەربازگەیەکدا بووە، تیمەکانی راگەیاندن و میدیاکان لە سەرەتادا نەیانتوانیوە بە تەواوی لێی نزیک ببنەوە بۆ رووماڵکردنی رووداوەکە، بەڵام ئێستا دۆخەکە جێگیرە و ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بەهۆی کەوتنەوەی ئەم ئاگرەوە، نزیکەی 30 دۆنم زەویی داپۆشراو بە پووش و پەڵاش و دوو باخی مێوی هاووڵاتییانی ناوچەکە سووتاون.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی ئاشکرای کرد کە دوای ئاگادارکردنەوەیان، دەستبەجێ 6 تیمی ئاگرکوژاندنەوەیان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کردووە و توانیویانە لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و رێگری لە تەشەنەکردنی بکەن بۆ ئەوەی زیانی زیاتر نەبێت. پاش دڵنیابوونەوە لە نەهێشتنی مەترسییەکان، سەرجەم تیمەکان گەڕاونەتەوە بۆ بنکەکانی خۆیان.
راشیگەیاند، شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە لە ناوچەیەکی سەربازیدا بووە، و لە ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە کە ئاگرەکە بە دەستی ئەنقەست کراوەتەوە، و ئێستاش لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردن بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکانی پشت ڕووداوەکە.