گەورەترین نافورە لەسەر ئاستی عێراق لە زاخۆ دروست دەکرێت

لە چوارچێوەی گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری و تەواوکردنی قۆناخێکی دیکەی کۆڕنیشی زاخۆ گەورەترین نافورە لەسەر ئاستی عێراق لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروست دەکرێت. 

لەوبارەوە ئەندازیار هەدیە محەمەد سەرپەرشیاری پڕۆژە و چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ بە کوردستان24 یان گوت، بە ئامانجی بوژاندنەوەی زیاتری کەرتی گەشتیاری و تەواوکردنی کۆڕنیشی زاخۆ، گەورەترین نافورە لەسەر ئاستی عێراق دروست دەکرێت و کارەکانی پڕۆژەکە قۆناخی باشی بڕیوە و دوای حەوت مانگی دیکە سەرجەم کارەکانی تەواو دەکرێن و گەشتیاران و هاووڵاتییان دەتوانن سوودی لێوەرگرن.

سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی نافورەکە، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ ئاشکرای کرد، نافورەکە بە گوژمەی 13 ملیار دینار، لەسەر رووبەری 12 هەزار مەتر دووجا و لەسەر سیستمی لەیزەر و جوڵاو دروست دەکرێت و گەراجێکی وەستاندنی ئۆتۆمبێل لەژێرەوەی پڕۆژەکە هەیە کە شوێنی 300 ئۆتۆمبێل لە یەک کاتدا دەبێتەوە و هەروەها یەکێک رێستورانتە بەناوبانگەکانی جیهانی تێدایە و بە گەورەترین نافورە لەسەر ئاستی عێراق دادەندرێت. 

گوتیشی: پڕۆژەکە تەواوکەری قۆناخی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆیە و بە تەواوبوونی کۆڕنیشی شارەکە دەچێتە قۆناخێکی دیکە کە بڕیارە بەمزووانە دەستپێبکات.

پڕۆژەی کۆڕنیشی زاخۆ یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی شارەکە تاوەکو ئێستا دوو قۆناخی جێبەجێ کراوە و بڕیاریشە بەمزووانە قۆناخی سێیەمی پڕۆژەکە کە درێژییەکەی دوو کیلۆمەترە دەستپێبکات، پڕۆژەکە وایکردووە رێژەی گەشتیاران بۆ زاخۆ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە و لەو چەند ساڵەی دواییدا بە هەزاران گەشتیار لە دەرەوە و ناوەڕاست و خوارووی عێراق و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان سەردانی زاخۆ بکەن.