پۆلیسی هەولێر: دوو کەس بە تۆمەتی ژەهراویکردنی ژمارەیەک هاووڵاتی دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی دوو کەسی راگەیاند کە لە رێگەی عارەبانەیەکی بێ مۆڵەتی فرۆشتنی لەفەی شاورمە و رۆست لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شارەکەدا، بووبوونە هۆی ژەهراوبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان.

سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026،پۆلیسی هەولێر لە ڕرگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی چەند هاووڵاتییەک بەهۆی ژەهراوبوونیان بە خواردن، بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێریان کرد، مەفرەزەکانی پۆلیس دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وردیان لەبارەی رووداوەکە دەستپێکرد.

لە ئەنجامی بەدواداچوونەکاندا، پۆلیسی هەولێر توانی ناسنامەی دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (م. ج. ا) و (ن. ج. ا) ئاشکرا بکات، کە لە رێگەی دانانی عارەبانەیەکی فرۆشتنی لەفەی شاورمە و رۆست، هۆکاری سەرەکیی ژەهراوبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بوون.

پۆلیس روونیشیکردەوە کە ئەو دوو تۆمەتبارە هیچ مۆڵەتێکی فەرمیی تەندروستی و شارەوانییان نەبووە و سەرلەبەری کارکردنیان قەدەخەکراو و نایاسایی بووە؛ ئێستا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، هەردوو تۆمەتبارەکە دەستبەسەر کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.