سێ کەس لەسەر دۆسیەی سارا تەحسین بانگهێشتی دادگا کراون

سارا تەحسین
سارا تەحسین

دوای گیانلەدەستدانی نەخۆشێک بە ناوی سارا تەحسین لە چەند هەفتەی رابردوودا لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی هەولێر، دۆسیەکە رێڕەوی یاسایی خۆی وەرگرتووە و دادگا بڕیاری نوێی لەسەر دەرکردووە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاتنە سەرخەت و خێزانی کۆچکردوو سکاڵایان تۆمارکرد، لەکاتێکدا پێشتر وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردبوو کە نەشتەرگەری لەو نەخۆشخانەیەدا قەدەغەکراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24، دادگا هاتووەتە سەرخەت و سکاڵا لەسەر سێ کەس تۆمارکراوە؛ پزیشکی نەشتەرگەری کە نەشتەرگەرییەکەی کردووە، پزیشکی سڕکردن، لەگەڵ بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەکە.

گوتیشی: لە ئێستا پزیشکی سڕکردن بە بڕیاری دادگا دەستگیرکراوە و ئاگاداریی فەرمی بۆ هەردوو تۆمەتبارەکەی دیکە نێردراوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات خۆیان رادەستی دادگا بکەن. هەروەها لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەستیپێکردووە و تۆمەتباری دەستگیرکراو بە ماددەی 411 لە یاسای سزادانی عێراقی رووبەڕووی لێپرسینەوە بووەتەوە، بڕیاری کۆتایی دادگاش لەسەر ئەم کەیسە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان دەدرێت.

سارا تەحسین بۆ نەشتەرگەری سەردانی نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە هەولێر کرد، بەڵام دوای تەواوبوونی نەشتەرگەرییەکە، باری تەندروستی تێکچوو و گیانی لەدەستدا، کەسوکاری سارا گومانی کەمتەرخەمییان لە پرۆسەی پزیشکی و چارەسەرکردنیدا هەیە. بەهۆی ئەم گومانانەوە، دۆسیەکە ئاراستەی ناوەندە فەرمی و یاساییەکان کراوە.

لە چوارچێوەی رێکارە تەندروستییەکاندا، بڕیاری داخستنی نەخۆشخانە تایبەتەکە درا، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە پابەندبوون بە مەرج و رێنماییە پزیشکییەکان.

ئەم رووداوە دەرگای گفتوگۆی لەبارەی چاودێریکردنی وردتر و توندی نەخۆشخانە تایبەتەکان و جێبەجێکردنی رێنماییە پزیشکییەکان لە هەرێمی کوردستان کردەوە.