لە گەرمیان 158 راوچی دادگایی کران

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان تا ئێستا 158 کەسیان لەسەر راوی نا یاسایی دەستگیرکردووە و رووبەڕووی دادگایان کردووەنەتەوە، لە تازەترین چالاکیدا، چەند سەر کەروێشکێکیان بە سروشت شاد کردەوە.

بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی ئابی 2026، بڵاویکردەوە، فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی کەلارو بە ئاگاداری بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان وژینگەی گەرمیان، عەميد فایق عەزيز شەهاب بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن و لێپرسراوی بنکەی پێباز 10 کەروێشکیان ئازاد کرد و بە سروشتی دەڤەرەکەیان شاد کردنەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەیداوە، کە سروشتی جوانی ناوچەکە، بە بوونی زیندەوەر و ئاژەڵە کێوییەکانییەوە دەڕازێتەوە و هاوسەنگییەکەی دەپارێزرێت. ئەو 10 سەر کەروێشکەی ئازادیشیان کردووە، دەستپێشخەرییەکی جوانی ژینگەدۆستانە بووە لەلایەن هاووڵاتییەکی خەمخۆر، واتە کەروێشکەکان راو نەکراون، بەڵکو ماڵی بوون و تێکەڵ بە سروشت کراون.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای دڵنیابوونەوە لە تەندروستی و سەلامەتی، کەروێشکەکان لەنێو سروشت و لە ژینگەی دەڤەرەکە ئازاد کراون، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ دەوڵەمەندترکردنی ژیانی کێوی لە ناوچەکەدا.

هەروەها هاشم ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە حەوت مانگی رابردوودا مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان 158 راوچیان دەستگیرکردووە و بە گوێرەی ماددەی یاسای قەدەخەی راو رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەدا کە هەر لەو ماوەیەدا 30 سەر ئاژەڵ و باڵندەی کێویان گەڕاندووەتەوە و بە سروشتیان شاد کردوونەتەوە.