کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە گەلی عەلی بەگ کەوتنەکار

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران رایگەیاند، لەپێناو کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، سیستەمی کامێرای چاودێریی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگای گەلی عەلی بەگ بە شێوەی تاقیکاری کەوتەکار.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پڕۆسەی کارپێکردنی کامێراکان لە کاتژمێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆی دوێنێ سێشەممەوە دەستیپێکردووە. بڕیار وایە بۆ ماوەی یەک هەفتە کامێراکان بە شێوەی تاقیکاری بمێننەوە و دواتر بە فەرمی سەرپێچییەکان تۆمار بکەن.

رێگای گەلی عەلی بەگ، کە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە پارێزگای هەولێرەوە دەبەستێتەوە، یەکێکە لە رێگا سەرەکی و ستراتیژییەکان، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێگاکە تاکسایدە و پێچی زۆری تێدایە، لە رابردوودا بەهۆی پابەندنەبوونی شۆفێران بە خێرایی دیاریکراو، چەندین ڕووداوی دڵتەزێنی گیانلەدەستدان و برینداربوونی لێکەوتووەتەوە.

بۆ رێگریگرتن لەو رووداوانە، بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئەندازە و پۆلیسی هاتووچۆی سۆران، شەش کامێرای جێگیریان لە درێژایی رووباری گەلی عەلی بەگ تاوەکو دەروازەی سۆران جێگیر کردووە.

ئەم هەنگاوەی هاتووچۆی سۆران دوای مانگێک لە جێگیرکردنی کامێراکان دێت، ئامانج لێی ناچارکردنی شۆفێرانە بە پابەندبوون بە رێنماییەکان و کەمکردنەوەی ئاستی مەترسییەکانی ئەو رێگایە.