لە کۆنگۆ ژمارەیەکی پێوانەیی قوربانییانی ئیبۆلا تۆمار کرا
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی ئیبۆلا، بڕیارە ئەم هەفتەیە گەورەترین ناوەندی چارەسەرکردن لە شاری بونیا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بکرێتەوە.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی ئیبۆلاوە، ناوەندێکی نوێی چارەسەرکردن لە شاری بونیا لە باکووری رۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لە قۆناخی کۆتایی تەواوبووندایە و بڕیارە ئەم هەفتەیە بکرێتەوە.
ئەمە دەبێتە گەورەترین شوێنی چارەسەری پەتاکە لەسەر ئاستی تەواوی وڵاتەکە، پزیشکانی پسپۆڕی ئەوێش دەڵێن لەو شوێنەوە تووشبوون پشتڕاست دەکرێتەوە بۆ ئەوەی نەخۆشەکە چارەسەر وەربگرێت.
فرانسیس بیگۆرموامی چیبانڤونیا، پزیشک لە ناوچەی کیگۆنزی دەڵێت: "کاتێک لێرە پشکنینی سەرەتایی بۆ کەسێک دەکرێت و گومانی تووشبوونی بە ئیبۆلا لێدەکرێت، نەخۆشەکە رەوانەی یەکێک لە ژوورەکانی دابڕان دەکرێت. ئێمە توانای هەشت جێگەی خەوتنمان هەیە. لەو قۆناخەوە دەست بە چاودێریکردنیان دەکەین و نموونەی یەکەم بۆ پشکنین وەردەگرین".
باس لەوەش دەکات، "ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکە دوای 48 کاتژمێر نەرێنی بوو، پشکنینی دووەم دەکەین. ئەگەر هەردوو پشکنینەکە نەرێنی بوون، کەسەکە دەنێردرێتەوە ماڵەوە."
لە درێژەی قسەکانیدا ئەو پزیشکە ئاماژە بە دۆخێکی دڵتەزێن دەکات و دەڵێت: "ئێستا چوار تووشبووی گوماناویمان لێرە لە ژووری دابڕان هەیە. لە نێویاندا منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ هەیە باوکی لەدەستداوە، باوکی لە ناوەندی گواستنەوەی ئیبۆلا گیانی سپاردووە. منداڵەکە تووشی تا، سکچوون و رشانەوە بووە و ئێستا لێرە لە ژووری دابڕاندایە."
ناوەندەکە توانای وەرگرتنی 100 نەخۆشی هەیە. لەبارچوون و لەدایکبوونی پێشوەختەش دوو کێشەی ترن ئیبۆلا دروستیان دەکات.
سامبۆ سیدیکۆ لە رێکخراوێکی پزیشکیی نێودەوڵەتی دەڵێت: "کارەکان لە قۆناخی کۆتاییدان. ئەمە ناوەندێکی 100 قەرەوێڵەییە بە توانای سەد جێگەی خەوتن، 60 جێگەیان بۆ تووشبووە پشتڕاستکراوەکان و 40 جێگەیان بۆ گومانلێکراوەکانە. زیاتر لە 300 کارمەند لەم ناوەندەدا کار دەکەن، ئێمە هیوای زۆرمان بە هاوکاریی کۆمەڵگە هەیە بۆ ئەوەی یارمەتیمان بدەن لە خێراکردنی پڕۆسەی دەستنیشانکردنی تووشبووان".
روونیشی دەکاتەوە، "ئەوەی تێبینیمان کردووە ئەوەیە ئەم ڤایرۆسە بە دیاریکراوی دەبێتە هۆی لەبارچوونی کۆرپەلە و لەدایکبوونی پێشوەختە. لەبەر ئەوە، بە سوودوەرگرتن لەو ئەزموونەی لە ناوەندی چارەسەرکردنی ئیبۆلا بەدەستمان هێناوە، دوو یەکەی لەدایکبوونی جیاوازمان دامەزراندووە، یەکێکیان بۆ گومانلێکراوەکان و ئەوی تریان بۆ ئەو کەسانەی تووشبوونیان پشتڕاست کراوەتەوە."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تەنیا لە ماوەی سێ مانگدا 3802 تووشبوو لەگەڵ 1707 گیانلەدەستدان تۆمار کراون. ئەم شەپۆلە لە جۆری (بوندیبۆگیۆ)یە تا ئێستا ڤاکسینێکی پەسەندکراوی نییە، بەڵام تاقیکردنەوەی پزیشکی لەسەر چەند ڤاکسینێکی زانکۆی ئۆکسفۆرد و کۆمپانیای مۆدێرنا دەستی پێکردووە.
رێکخراوە تەندروستییەکان جەخت دەکەنەوە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە پارێزگاکانی باکووری وڵات گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و پێویستی بە دەستێوەردانی نێودەوڵەتی خێرا هەیە.