کیژان ئیبراهیم خەیات گۆرانی "مەستی" بڵاوکردەوە
کیژان ئیبراهیم خەیات، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین بەرهەمی بەناوی "مەستی"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هەڵبژاردنی شێوەزاری بادینی بۆ بەرهەمی "مەستی" جیاواز و تایبەت بوو، چونکە هەر شێوەزارێکی کوردی خاوەنی جوانی و ناسنامەی تایبەتی خۆیەتی و دەبێت لە رێگەی هونەرەوە بپارێزرێت."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، کیژان ئیبراهیم خەیات، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو گۆرانییە نوێیەم لە هۆنراوەی ئەدیب چەلکییە و ئاوازەکەی لەلایەن خۆمەوە دانراوە. ئامادەکردن و دابەشکردنی میوزیکەکە لەلایەن دڵزار عەبدی ئەنجامدراوە و فیروز فێیسانلۆو گیتارەکەی ژەنیوە. هەروەها ئارمانج شێران دەرهێنانی کلیپەکەی کردووە و ئەحمەد جەمیل کاری کامێرای ئەنجامداوە. دارین موراد و مەحمود حەمەش لە کلیپەکەدا وەک ئەکتەر بەشداربوون. سەرپەرشتیاری گشتیی پرۆژەکە فارس عومەر و بەڕێوبەری بەرهەم هەڤاڵ حەمەد بوون."
گوتیشی، "هەڵبژاردنی شێوەزاری بادینی بۆ بەرهەمی "مەستی"، جیاواز و تایبەت بوو، چونکە هەر شێوەزارێکی کوردی خاوەنی جوانی و ناسنامەی تایبەتی خۆیەتی و دەبێت لە رێگەی هونەرەوە بپارێزرێت."
کیژان باس لە پەیامی گۆرانییەکەی دەکات و دەڵێت، "پەیامی ئەم گۆرانییە باس لە هەستکردن بە جوانی ژیان، خۆشەویستی و ئەوین دەکات. هیوام وایە گوێگران لەگەڵ ئەم بەرهەمە یادگارییەکی زۆر جوان دروست بکەن و چێژی لێ ببینن."
کیژان ئیبراهیم خەیات، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لە ساڵی 1985 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. کیژان خاوەنی چەندین ئەلبووم و گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپە، ھەروەھا بەشداریی لە چەندین فێستیڤاڵ و کۆنسێرتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کردووە.