حووسییەکان: لەناو یەمەن بنکە سەربازیی سعوودیەمان بۆردومانکرد

حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند: هێرشێکی بەرفراوانیان بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دژی کۆبوونەوە و بنکە سەربازییەکانی سعوودیە لە ڕۆژهەڵاتی یەمەن ئەنجامداوە.

پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان چاودێریی جموجۆڵ و کۆبوونەوەیەکی سەربازیی گەورەی هێزەکانی سعوودیەیان کردووە کە لە قۆناخی کۆتاییدا بوون بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی یەمەن و پاشەکشەکردن بە حووسییەکان لە هەڵوێستیان سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەر وڵاتەکە.

بە گوتەی یەحیا سەریع، حووسییەکان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی لە رێگەی ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامداوە و تێیدا کۆبوونەوە سەربازییەکانی سعوودیە لە ناوچەکانی رووەیک، عەبەر و سەنییە، لەگەڵ سەربازگەکانی فەوجی 1 و 3ـی هێزەکانی فریاکەوتن کراونەتە ئامانج.

گوتەبێژی حووسییەکان رایگەیاند: بەهۆی ئەم هێرشانەوە چەندین سەرباز کوژراون و بریندار بوون، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە سەربازگەکان، کۆگاکانی چەک لە ناوچەی وەدیعە لە رۆژهەڵاتی یەمەن و چەندین ئامێری سەربازیی نێو سەربازگەکان تێکشکێنراون و سووتێنراون.

یەحیا سەریع هۆشداریی دایە سعوودیە لە ئەنجامدانی هەر پەرەسەندنێکی سەربازی نوێ و دووپاتی کردەوە کە سعوودیە بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانی هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە هەڵدەگرێت. هەروەها داوای لەو کەسانە کرد کە بە گوتەی ئەو "خەڵەتێندراون" بنکە سەربازییەکان چۆڵ بکەن و بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

جەختیشی لەسەر ئامادەیی تەواوی هێزەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک کردەوە و رایگەیاند: بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی هاوکێشەی گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ تا ئەو کاتەی گەمارۆکانی سەر یەمەن بە تەواوی لادەبرێن.