لە گوندەکانی دیمەشق دوو چەکداری داعش کوژران
دەسەڵاتە ئەمنییەکانی سووریا رایانگەیاند، دوو ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە کاتی چاندنی بۆمبێکی چێندراو لە ناوچەی سەیدە زەینەب لە گوندەکانی دیمەشق، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان کردووە، یەکێک لە مەفرەزە شەوگەڕەکان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا لەسەر ئەو رێگایانەی بەرەو بنکە سەربازی و حکوومییەکان دەچن، گومانیان لە دوو کەسی دەمامکدار کردووە. لە کاتی هەوڵدان بۆ راگرتن و پشکنینی ناسنامەکانیان، چەکدارەکان تەقەیان لە مەفرەزەکە کردووە و دوای رووبەڕووبوونەوە، هەردوو چەکدارەکە کوژراون.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، دوای پشکنینی شوێنەکە دەرکەوتووە ئەو دوو کەسە سەرقاڵی چاندنی بۆمبێکی چێندراو بوون بە مەبەستی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی دژ بە دامەزراوە حکوومییەکان. هەروەها دەست بەسەر چەندین بۆمب و چەکدا گیراوە کە پێیان بووە و سەلمێنراوە پەیوەندییان بە رێکخراوی داعشەوە هەبووە.
لای خۆشییەوە، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە تاوەکو سەرەتای مانگی ئابی ئێستا، رێکخراوی داعش 67 هێرشی لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا ئەنجامداوە، بەهۆیانەوە ژمارەیەک سەرباز و مەدەنی بوونەتە قوربانی.
هەرچەندە لە ئاداری 2019دا و دوای شەڕی باغۆز کۆتایی بە دەسەڵاتی جوگرافیی داعش لە سووریا هێنرا، ئەمەش دوای شەڕێکی سەخت لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بەڵام هێشتا رێکخراوەکە لە رێگەی شانە نوستووەکانی و ئەنجامدانی هێرشی پچڕپچڕەوە، وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی دەمێنێتەوە."