لە سلێمانی شەوانی سینەمای فەرەنسی دەستپێدەکات
لە چوارچێوەی چالاکییە هونەری و سینەماییەکاندا، شەوانی سینەمای فەرەنسی بە هاوبەشی ئینستیتوی فەرەنسی لە هەولێر و زۆیا کولتوور، لەژێر ناونیشانی "لەگەڵمان بن، بۆ شەوێک کە سینەما دەبێتە بیرەوەری و چیرۆک دەبێتە پردێک بۆ تێگەیشتن"، فیلمی سینەمایی فەرەنسی بە ژێرنووسی کوردی بەناوی "وڵاتێکی بچووک"، لە سینەما سالم لە سلێمانی نمایش دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 8ی ئابی 2026، دانا کەریم، سەرۆکی زۆیا کولتوور بە کوردستان24ی راگەیاند،"فیلمی "وڵاتێکی بچووک"، چیرۆکی کوڕێکی گەنجە کە لە بوروندی دەژی و لە سەرەتادا ژیانێکی ئارام و پڕ لە یاری و خۆشی لەگەڵ هاوڕێکانی بەسەر دەبات، بەڵام بە هەڵگیرسانی ناکۆکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و دواتر کارەساتەکانی جینۆسایدی رواندا، ئەو جیهانەی ناسیوێتی بە تەواوی دەگۆڕێت و فیلمەکە لە روانگەی منداڵێکەوە باس لە لەدەستدانی سادەیی، منداڵی و هەستی ئارامی دەکات و چۆنیەتی کاریگەریی شەڕ و توندوتیژی لەسەر ژیانی مرۆڤەکان پیشان دەدات."
گوتیشی؛ "شەوانی سینەمای فەرەنسی، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بینەر لەگەڵ جۆرێکی جیاواز لە سینەما و چیرۆکگێڕی ئاشنا ببێت. هەروەها گرنگی ئەم پرۆژەیە لەوەدایە کە فیلمەکان بە ژێرنوسی کوردی پیشان دەدرێن، بۆیە بینەری کورد دەتوانێت بە ئاسانی لەگەڵ بابەت و پەیامی فیلمەکان پەیوەندی دروست بکات."
دانا کەریم باس لە گرنگی نمایشکردنی ئەو فیلمە سینەماییە دەکات و دەڵێت؛ "فیلمی سینەمایی "وڵاتێکی بچووک"، بەهۆی ئەوەی چیرۆکەکەی لە روانگەی منداڵێکەوە کار لەسەر جەنگ، ئاوارەبوون، لەدەستدان و گۆڕانی ژیان دەکات، دەکرێت نزیک و کاریگەر بێت بۆ بینەری کورد، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەیەکدا کە خۆی ئەزموونی زۆرێک لەو کارەساتانەی تێپەڕاندووە."
دەربارەی رۆڵی گرنگی سینەما لەسەر بابەتە جۆراوجۆرەکان، دانا کەریم دەڵێت، "پێمان وایە سینەما تەنیا بۆ خۆشگوزەرانی نییە؛ سینەما دەتوانێت زمانێک بێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مێژوو، مرۆڤ و کێشە کۆمەڵایەتییەکان. شەوانی سینەمای فەرەنسیش هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە گفتوگۆیە لە رێگەی فیلمەوە زیاتر بکرێتەوە و پەیوەندییەکی باشتر لەنێوان بینەر و سینەمای جیهانی دروست بکرێت."
دانا کەریم ئاماژەی بەوەش دا، "شەوانی سینەمای فەرەنسی لە هەمان کاتدا دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی ژینگەی سینەمایی لە سلێمانی و نزیککردنەوەی بینەرانی کورد لە بەرهەمە سینەمایییە جیهانییەکان؛ بە تایبەتی ئەو فیلمانەی کە بابەتەکانیان لەگەڵ ژیانی مرۆڤ و مێژووی کۆمەڵگەکان پەیوەندییەکی راستەوخۆی هەیە."
شەوانی سینەمای فەرەنسی، بە نمایشکردنی فیلمی سینەمایی "وڵاتێکی بچووک"، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 8ی ئابی 2026، لە سینەما سالم لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.