راوێژکارێکی خامنەیی: پاکستان بێلایەن نییە و نابێت چیدیکە نێوەندگیر بێت

حوسێن شەریعتمداری، راوێژکاری رێبەری ئێران
حوسێن شەریعتمداری، راوێژکاری رێبەری ئێران

راوێژکارێکی رێبەری ئێران رەخنەی توند لە سەرۆکوەزیرانی پاکستان دەگرێت و رایدەگەیەنێت، ئیسلام ئاباد بەهۆی چوونە ناو پەیمانێکی سەربازیی نوێ و لایەنگریکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل، متمانەی بێلایەنیی لەدەست داوە، چیتر شایستەی بینینی رۆڵی نێوەندگیری نییە.

حوسێن شەریعتمداری، راوێژکاری رێبەری ئێران و سەرنووسەری رۆژنامەی کەیهان، کاردانەوەی توندی بەرانبەر رێککەوتنی هاوبەشی هەرسێ وڵاتی سعوودییە، تورکیا و پاکستان نیشان دا.

 شەریعتمداری روونی کردەوە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، پیاهەڵدان بۆ دۆناڵد ترەمپ دەکات، لە هەمان کاتدا بووەتە بەشێک لە هاوپەیمانییەکی سەربازی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات.

لەم سۆنگەیەوە، سەرنووسەری رۆژنامەی کەیهان دووپاتی دەکاتەوە، ئیسلام ئاباد لەمەودوا بێلایەن نییە، بۆیە هیچ گونجاو نییە رۆڵی نێوەندگیری ببینێت، ئاشکراشی دەکات بەرپرسانی ئێرانیش بەتەواوی ئاگاداری ئەو بابەتەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حوسێن شەریعتمداری پەنجەی رەخنە بۆ پاکستان، تورکیا و سعوودیە رادەکێشێت بەوەی لە بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بێدەنگییان هەڵبژاردووە و هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە. هاوکات تۆمەتباریان دەکات لە کاتی ئەو هێرشانەدا پێوەندیی شاراوەیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە.

رۆژی هەینی، 07ـی ئابی 2026، هەرسێ وڵاتی سعوودیە، تورکیا و پاکستان لە شاری مەککە پەیمانێکی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کرد بە ناوی (پەیمانی بەرگریی هاوبەشی مەککە). 

بەپێی پەیمانەکە، هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لەو وڵاتانە، وەک هێرش بۆ سەر هەر سێ وڵاتەکە هەژمار دەکرێت.

 ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ئێران لەلایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەکی دیکەوە.

 ئێران بە گومانەوە دەڕوانێتە ئەم هاوپەیمانییە نوێیەی نێوان سێ هێزە گەورەکەی ناوچەکە، بەتایبەتی پێشتر ئیسلام ئاباد هەوڵی دەدا رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان تاران و واشنتن بگێڕێت.