زێڕی سوور لە کرماشان دەبێتە ناوەندێکی بەرهەمهێنانی زەعفەران
پارێزگای کرماشان لە رۆژئاوای ئێران هەنگاوی ستراتیژی دەنێت بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی سەرەکیی بەرهەمهێنانی زەعفەران. ئەم هەنگاوە وەک پلانێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی وشکەساڵی و گۆڕینی شێوازی کشتوکاڵ بەرەو ئەو بەرهەمانەی ئاوی کەمتریان دەوێت و داهاتیان زۆرە، ئەنجام دەدرێت.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی مێهر گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی بارانبارین لە ساڵانی دواییدا، فوشارێکی زۆری خستووەتە سەر سەرچاوە ئاوییەکانی کرماشان. ئەمەش وای کردووە بەرپرسان و جووتیاران پەنا بۆ چاندنی زەعفەران بەرن کە بە زێڕی سوور دەناسرێت، چونکە هەم ئاوی کەم دەوێت و هەم داهاتێکی باش بۆ دانیشتووانی گوندەکان دابین دەکات.
شارەزایان دەڵێن؛ کرماشان خاوەنی خاکێکی بەپیت و بەرزاییەکی گونجاوە لە ئاستی دەریاوە، جگە لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری رۆژئاوا کە پلەی گەرمییان لە هاویندا لە 40 پلە تێپەڕ دەکات، تەواوی ناوچەکانی دیکە پارێزگاکە بۆ ئەم بەرهەمە گونجاون.
یاسین نەورۆزی، ئەندامی رێکخراوی ئەندازیاری کشتوکاڵ لە کرماشان، ئاماژە بەوە دەکات، کاتی ئاودانی زەعفەران لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم مانگی 10 دەست پێ دەکات، واتە ئەو کاتەی بەرهەمەکانی دیکە پێویستیان بە ئاو نەماوە. هەروەها دەڵێت: "زەعفەران ساڵانە 270 رۆژ هەلی کاری راستەوخۆ بۆ هەر هێکتارێک دەڕەخسێنێت و نرخی هەر کیلۆگرامێکی لە بازاڕدا لە نێوان 200 بۆ 300 ملیۆن تمەن زیاتر لە 1500 دۆلار دایە."
سەرەڕای ئەم تایبەتمەندییانە، کەرتی زەعفەران لە کرماشان هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە. ئێستا تەنیا 500 هێکتار زەوی چێندراوە و بەرهەمەکەی لە هەر هێکتارێکدا 5 بۆ 6 کیلۆگرامە. شارەزایان دەڵێن؛ ئەم رێژەیە کەمە و هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، جووتیاران تەنیا 3 بۆ 4 تۆن پیازەزەعفەران لە هێکتارێکدا دەچێنن، لە کاتێکدا بۆ بەرهەمێکی ئابووریی باش پێویستە 10 بۆ 12 تەن بچێنرێت.
کەیوان یاری، وەبەرهێنەر و شارەزای کشتوکاڵ، دەڵێت: "ئەگەر پێوەرە زانستییەکان جێبەجێ بکرێن، قازانجی زەعفەران چەندین هێندەی بەرهەمەکانی وەک گەنم و چەوەندەری شەکر دەبێت."
یەکێکی دیکە لە گرفتە سەرەکییەکان، نەبوونی پیشەسازیی پاکێجکردن و کارگەی گۆڕینە. زۆربەی بەرهەمی کرماشان وەک کەرەستەی خاو و بەبێ هیچ پرۆسەیەکی جوانکاری دەفرۆشرێت، ئەمەش وای کردووە بەشێکی زۆری قازانجەکە بۆ دەڵاڵەکان بێت و ناوچەکە بێبەش بێت لە براندێکی تایبەت بە خۆی.
بۆ ئەوەی کرماشان ببێتە ناوەندێکی راستەقینەی زەعفەران، جووتیاران و شارەزایان داوا دەکەن حکوومەت قەرزی ئاسان دابین بکات، پیازەزەعفەرانی باش بە نرخی گونجاو بداتە جووتیاران، و ژێرخانی پێویست بۆ هەناردەکردن و بەبازاڕکردنی ئەم زێڕە سوورە پەرە پێ بدات.