زەبەنگ بەهادین شیعرەکانی بە ژیری دەستکرد دەکات بە گۆرانی
زەبەنگ بەهادین، نووسەر و شاعیر، بە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد، کۆمەڵێک لە شیعرەکانی خۆی دەکاتە گۆرانی و بە تێکەڵکردنی ئاوازی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی، بەرهەمێکی نوێی هونەری پێشکەش دەکات؛ بە ئامانجی ئەوەی شیعرە کوردییەکان لە پەڕ و کتێبەوە بگەنە گوێی گەنجان و بە شێوەیەکی زیندوو ببنە بەشێک لە گەنجینەی هونەری و کولتووری کوردی.
زەبەنگ بەهادین دەڵێت، "داوا لە هونەرمەندان و ئاوازدانەران دەکەم بچنە ناو ئەم بوارە و لە ژیری دەستکرد سوود وەربگرن، بۆ ئەوەی بتوانن تواناکانی خۆیان زیاتر پەرە پێ بدەن و شێوازە نوێکان تاقی بکەنەوە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ی ئابی 2026، زەبەنگ بەهادین، نووسەر و شاعیر بە کوردستان24ی راگەیاند، "دەربارەی ئەو گۆرانییە و چەندین گۆرانیی دیکە، بە یارمەتی ژیری دەستکرد کارم لەسەر کردووە؛ بە تێکەڵکردنی ئاوازی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی. بەڵام گرنگترین شت بۆ من ئەوەیە زمانێکی پاراوی کوردیم تێدا بەکارهێناوە، چونکە لەم کارانەدا شیعرەکانی خۆمم بەکار هێناوە."
گوتیشی، "لە رێگەی ژیری دەستکرد و بەکارهێنانی کۆمەڵێک بەرنامە و پڕۆگرام، هەوڵم داوە شیعرەکانم لە رووی شێوازی بڕگەکان، ژمارەی بڕگەکان و سەرواکانەوە دابڕێژم و بیگونجێنم بۆ گۆراییەکی پڕ لە سۆز و هەست. واتە هەوڵم داوە هاوتایی و هارمۆنییەکی دروست لەنێوان شیعر و ئاوازدا دروست بکەم، بە جۆرێک کە وشە و ئاواز یەکتری تەواو بکەن."
زەبەنگ بەهادین باس لە ئامانجی سەرەکی کارەکانی دەکات و دەڵێت، "ئامانجی سەرەکی من لەو کارانە ئەوەیە کە ئەو شیعرانە بە شێوەیەکی زیندوو بمێننەوە و لە داهاتوودا ببنە بەشێک لە گەنجینەی هونەری و ئەدەبی کوردی. دەمەوێت ئەو بەرهەمانە تەنیا شیعرێک نەبن کە لە پەڕەیەکدا بمێننەوە، بەڵکو ببنە بەشێک لە ژیانی رۆژانەی تاکی کوردی، گوێیان لێبگیرێت و لەگەڵ ژیانی خەڵکدا بەردەوام بژین."
ئەو شاعیرە باس لە بەکارهێنانی ئاوازی رۆژئاوایی لەگەڵ شیعرەکانی دەکات و دەڵێت، "بۆیە لە هەندێک لەم کارانەدا ئاوازی رۆژئاواییم بەکارهێناوە لەگەڵ شیعرە کوردییەکانم، چونکە دەمەوێت گەنجی ئەمڕۆ کە حەزی بە ئاوازی رۆژئاواییە، بۆ نموونە لەبری ئەوەی گوێ لە گۆرانییەکی ئەورووپی بگرێت، بتوانێت گوێ لە گۆرانییەکی کوردی بگرێت کە هەمان هەست و ئاوازی تێدایە، بەڵام بە زمان و هەستی کوردی. ئامانجی دووەمیشم ئەوەیە ئەو گۆرانییانە بمێننەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو و ببنە بەشێک لە گەنجینەی هونەری کوردی."
زەبەنگ بەهادین باس لە گرنگی ژیری دەستکرد لە سەردەمی ئەمڕۆ دەکات و دەڵێت، "ئێمە بمانەوێت یان نەمانەوێت، ژیری دەستکرد داهاتووی مرۆڤە و رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو فراوانبوون و پەرەسەندن دەچێت. ئێستا دەبینین هەموو جیهان بە شێوەیەکی جۆراوجۆر سوود لە ژیری دەستکرد وەردەگرێت و هەر تاکێک دەتوانێت لە بوارەکەی خۆیدا سوودی لێ وەربگرێت."
ئەو شاعیرە باسی لەوەش کرد، "ئاوازدانەرێک یان هونەرمەندێک کە ئامێرێکی میوزیکی دەژەنێت، دەتوانێت بە شێوەیەکی زۆر ئاسان لە ژیری دەستکرد سوود وەربگرێت و لە پەرەپێدانی کارەکەیدا بەکاری بهێنێت. بەڵام ئەگەر هونەرمەند و ئاوازدانەرێک بە تەواوی ژیری دەستکرد رەت بکاتەوە، بە بڕوای من لە قافڵەی پێشکەوتن دوا دەکەوێت و رەنگە لە داهاتوودا ئەمە ببێتە هۆی لاوازبوون و پوکانەوەی بەشێک لە هونەرەکەشی."
دەربارەی ئەوەی کە لەئێستادا ژیری دەستکرد بێ بەرامبەر دەتوانی سوودی لێببینی، زەبەنگ بەهادین دەڵێت، "لە ئێستادا زۆربەی ئەو بەرنامە و پڕۆگرامانەی کە بۆ ئەم مەبەستانە بەکاردێن، بەبێ پارەن یان بە بڕێکی زۆر کەم و نیشانەیی پارە پێویستیان هەیە. واتە هەر تاکێکمان دەتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت. رەنگە لە داهاتوودا بڕی پارەی پێویست بۆ بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژییە زۆرتر بێت، بەڵام ئێستا دەرفەتێکی باشمان هەیە بۆ ئەوەی پێش ئەوەی ئەو کاتە بگات، سوودی لێ وەربگرین."
دەربارەی مەترسیی ژیری دەستکرد لەسەر ئاوزدانەر و هونەرمەندان، زەبەنگ بەهادین دەڵێت، "بە بۆچوونی من ژیری دەستکرد هیچ مەترسییەکی نییە بۆ هونەر، بە پێچەوانەوە دەتوانێت ئامرازێکی بەهێز بێت بۆ پەرەپێدان و نوێکردنەوەی هونەر. من داوا لە هونەرمەندان و ئاوازدانەران دەکەم بچنە ناو ئەم بوارە و لە ژیری دەستکرد سوود وەربگرن، بۆ ئەوەی بتوانن تواناکانی خۆیان زیاتر پەرە پێ بدەن و شێوازە نوێکان تاقی بکەنەوە."
زەبەنگ بەهادین باس لە دروستبوونی خولیای خۆی بۆ ژیری دەستکرد دەکات و دەڵێت، "خولیام بۆ ژیری دەستکرد تەنیا لە بواری ئاواز و گۆرانی نییە؛ خولیام بۆ ئەوە هەیە کە چۆن بتوانین نووسین و پەیامەکانمان بە شێوەیەکی نوێ بگەیەنین بە خەڵک. ئەمڕۆ خەڵک کەمتر نووسین دەخوێنێتەوە، وای لێهاتووە هەندێک جار دێڕێکیش بە تەواوی ناخوێنێتەوە؛ ئینجا چۆن دەتوانین چاوەڕێی ئەوە بین شیعرێکی درێژ یان رۆمانێک بخوێنرێتەوە؟."
ئەو شاعیرە ئەوەشی گوت، "بۆیە بە بڕوای من، کەسی ژیر ئەو کەسەیە کە بەدوای رێگەیەکی ئاسان و کاریگەر دەگەڕێت بۆ ئەوەی پەیامەکەی بە گەلەکەی بگەیەنێت. ئەمەش بۆ من واتای ئەوە نییە کە نووسین و خوێندنەوە بەجێ بهێڵین، بەڵکو دەبێت شێوازەکانی گەیاندنی پەیام نوێ بکەینەوە."
زەبەنگ بەهادین ئاماژەی بەوەش دا، "دەبێت لەبیرمان نەچێت کە ئەو گۆرانییانە بە زمانی کوردین. ئێمە دەبێت بە تاکی کوردی بڵێین کە زمانی کوردی زمانێکی بێبەش نییە لە داهاتووی مرۆڤایەتی و دەتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکاندا بەردەوام بێت و بەشدار بێت."
زەبەنگ بەهادین باس لە باشترین رێگاکانی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد دەکات و دەڵێت، "بۆیە من باوەڕم وایە کە باشترین رێگا لە ئێستا و داهاتوودا ئەوەیە ژیری دەستکرد وەک ئامرازێک بەکاربهێنین بۆ پەرەپێدانی هەموو بوارە جۆراوجۆرەکان، بە تایبەتی هونەر و ئەدەب. ئەگەر بتوانین ئەم تەکنەلۆژییە لەگەڵ زمان، شیعر، ئاواز و کولتووری خۆمان تێکەڵ بکەین، دەتوانین بەرهەمێک دروست بکەین کە تەنیا بۆ ئەمڕۆ نەبێت، بەڵکو بۆ نەوەکانی داهاتووش بەجێ بمێنێت."
زەبەنگ بەهادین، نووسەر و شاعیر، خاوەنی دوو رۆمانە، لەگەڵ سێ نامیلکەی شیعریدا. لە ئێستاشدا سەرقاڵی ئامادەکردنی گۆرانی کوردییە بە ژیری دەستکرد، ئەو شیعرانەی کە هەیەتی لە رێگەی ژیری دەستکردەوە توانیویەتی بەشێکی زۆریان بکات بە گۆرانی.