گروپی موزیکی هەورامان دوو کۆنسێرت لە ئەڵمانیا و بەریتانیا پێشکەش دەکات

گروپی موزیکی هەورامان بەردەوامە لە گەشتە هونەرییەکانی بۆ ناساندن و پاراستنی موزیکی رەسەنی کوردی، بەمەبەستی گەیاندنی دەنگ و موزیک و کولتووری کوردی بە گوێگرانی نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکان، لەم چوارچێوەیەدا، گروپەکە دوو کۆنسێرت لە ئەڵمانیا و بەریتانیا پێشکەش دەکات.

یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026، فەرزاد مەهدی، سەرپەرشتیاری گروپەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ناوەڕۆکی ئەم کۆنسێرتانە لەسەر پێشکەشکردنی موزیکی رەسەنی کوردی و ناساندنی شێوازی موزیکی هەورامان دەوەستێت؛ ئەو شێوازە هونەرییە کە بە ئاواز و شێوازی تایبەتی خۆی، رەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی، هەست و سۆز، خۆشەویستی، خەم و شادی و پەیوەندیی مرۆڤ بە سروشت و ژینگەی دەوروبەرییەتی."

فەرزاد مەهدی سەبارەت بە موزیکی هەورامان گوتی، "موزیکی هەورامان تەنیا کۆمەڵێک ئاواز و گۆرانی نییە، بەڵکو بەشێکە لە بیرەوەریی مێژوویی و کولتووریی خەڵکی ئەو ناوچەیە. لە رێگەی گۆرانی و ئاوازە نەریتییەکانەوە، چیرۆکی ژیان و هەستی مرۆڤی کورد دەگوازرێتەوە؛ بۆیە پاراستنی ئەم موزیکە گرنگییەکی زۆری بۆ بەردەوامبوونی نەریتە هونەرییەکان و گەیاندنیان بە جیلە نوێیەکان هەیە."

سەرپەرشتیاری گروپەکە جەختی کردەوە، "هەورامان بە سروشتی تایبەت، زمان و ئەدەبی دەوڵەمەند و نەریتە هونەرییەکانی، شوێنێکی گرنگی لە کولتووری کوردیدا هەیە. موزیکی ئەم ناوچەیەش بە شێوازی تایبەتی گۆرانیگوتن و ئاوازدانانی، ناسنامەیەکی هونەریی دیاریکراوی هەیە لە رێگەی پێشکەشکردنی لە کۆنسێرتەکاندا دەتوانێت ببێتە هۆی ناساندنی زیاتر و سەرنجڕاکێشانی گوێگرانی جیهان بۆ موزیکی کوردی."

سەبارەت بە گەشتە هونەرییەکانی گروپەکە لە ئەورووپا، فەرزاد مەهدی دەڵێت، "گروپی موزیکی هەورامان لە ساڵی 2023، گەشتە هونەرییەکانی لە وڵاتی سوید دەست پێکردووە. لەو ماوەیەدا، من وەک سەرپەرشتیاری گروپەکە و هەموو ئەندامان پشتیوانی تەواوی کۆنسێرتەکانین و بەشێک بووین لە ئەزموونی هونەری و هەوڵەکانی گروپەکە بۆ ناساندنی موزیکی هەورامان."

فەرزاد مەهدی سەبارەت بە چالاکییەکانی گروپەکە ئەوەی خستەڕوو، "چالاکییەکانی گرووپەکە لە شارەکانی ستۆکهۆڵم و یۆتۆبۆری دەستی پێکرد و دواتر بۆ دەرەوەی سوید فراوان بوو. لە ساڵی 2025،دا لە فینلەندا، لەوانەش لە شاری هێلسینکی، کۆنسێرتمان پێشکەش کرد. ئەم بەردەوامییە دەریدەخات کە موزیکی رەسەنی کوردی دەتوانێت لە سنووری جوگرافیایی خۆی تێپەڕێت و لە رێگەی هونەرەوە پەیوەندی لەگەڵ گوێگرانی جیاواز دروست بکات."

سەبارەت بە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەو گەشتە هونەرییە، فەرزاد مەهدی دەڵێت، "یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی  ئەم گەشتە هونەرییە، پێشکەشکردنی کۆنسێرت بوو لە پارلەمانی سوید؛ شوێنێک کە پێشکەشکردنی موزیکی کوردی تێیدا دەرفەتێک بوو بۆ ناساندنی بەشێک لە ناسنامە و کولتووری کوردی. هەروەها گرووپەکەمان لە شاری سۆدێرتالیا چالاکییەکی هونەری بەڕێوە بردووە کە نزیکەی 600 کەس بەشدارییان تێدا کردووە. ئەم جۆرە چالاکییانە دەرفەتێکن بۆ کۆکردنەوەی کوردانی دەرەوەی وڵات لە دەوری موزیک و بەهێزکردنی پەیوەندییان بە زمان و کولتووری خۆیانەوە."

سەرپەرشتیاری گروپەکە باس لە موزیک وەک پردێک لە نێوان کەلتوورەکان دەکات و دەڵێت، "پێشکەشکردنی موزیکی کوردی لە شارە ئەورووپییەکاندا تەنیا چالاکییەکی هونەری نییە، بەڵکو رێگایەکە بۆ ناساندنی کورد و دەوڵەمەندیی کولتووریی ئەم نەتەوەیە.  موزیک زمانێکی هاوبەشی مرۆڤایەتییە و دەتوانێت هەست و سۆز و چیرۆکی گەلێک بگەیەنێت، تەنانەت ئەگەر گوێگر زمانەکەی نەزانێت."

فەرزاد مەهدی باس لە گرنگیی ئەو کۆنسێرتە بۆ کوردانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات دەکات و دەڵێت، "بۆ کوردانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، ئەم کۆنسێرتانە دەرفەتێکن بۆ دووبارە پەیوەستبوون بە رەگ و ریشەی کولتووریی خۆیان و گواستنەوەی ئەو بەها و نەریتە هونەرییانە بۆ جیلی نوێ. بۆ گوێگرانی نەتەوەکانی دیکەش، دەرفەتێکن بۆ ئاشنابوون بە شێوازێکی تایبەت لە موزیکی رۆژهەڵاتی کوردستان و تێگەیشتن لە جیهانی هونەریی هەورامان."

فەرزاد مەهدی باسی لەوەش کرد، "گروپی موزیکی هەورامانیش ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە چالاکییە هونەرییەکان و خزمەتکردنی موزیکی رەسەنی کوردی دەربڕیوە. گەشتەکانی سوید و فینلەندا و کۆنسێرتەکانی ئەڵمانیا و بەریتانیا دەتوانن ببنە بەشێک لە پرۆسەیەکی درێژخایەن بۆ ناساندنی موزیکی هەورامان و بەهێزکردنی شوێنی موزیکی کوردی لە ژیانی هونەریی نێودەوڵەتیدا."

 کۆنسێرتی گروپی موزیکی هەورامان، لە 16 تا 18ی تشرینی یەکەمی 2026 لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچن. دواتریش گروپەکە لە 30ی تشرینی یەکەم لە شاری مانچستەر و لە 1ی تشرینی دووەمی 2026 لە شاری لیدزی بەریتانیا کۆنسێرت پێشکەش دەکات.