هونەرمەندێکی کورد 35 تابلۆی ریالیزمی لە ئەڵمانیا نمایش دەکات
یاسین حەسەن، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لە رێگەی پێشانگایەکی تایبەتەوە 35 تابلۆی جۆراوجۆری هونەری ریالیزمی لە ئەڵمانیا نمایش دەکات. ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، " لەو پپێشانگەیەدا وێنەکێشان بە قەڵەمی رەنگ و رەنگی ئەکریلیک، شوێنێکی دیاریکراوی هەیە، هەروەها بە تابلۆیەکیش کە پەیامێکی مرۆیی و نەتەوەیی تایبەتە، سەرنجی ئامادەبووان رادەکێشم."
یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026، یاسین حەسەن، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "پێشانگاکەم لە گەلەری کەناری کڵێسای شارباویتز، لە هەرێمی شلیسفیگ هۆڵشتاین لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و لەلایەن سەندیکای هەرێمی شلیسفیگ هۆڵشتاینەوە پشتگیری و ئامادەکاری بۆ کراوە و پێشانگەکەم لە 11ی تشرینی یەکەمی 2026 دەستپێدەکات و تا 22ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ بەردەوام دەبێت."
یاسین حەسەن سەبارەت بە پێشانگەکە گوتی، "پێشانگەکەم لە کۆمەڵێک کاری هونەری جۆراوجۆر پێکهاتووە کە ژمارەیان دەگاتە 35 تابلۆ، هەموویان بە شێوازی ریالیزم، واتە وێنەکێشانی واقیعی، دروستم کردوون. لە نێو ئەم بەرهەمانەم دا سێ تابلۆ بە رەنگی ئەکریلیک کێشراون و تابلۆکانی دیکەش بە قەڵەمی رەنگ دروستم کردووە."
سەبارەت بە خاڵە گرنگەکانی پێشانگەکە، یاسین حەسەن دەڵێت، "یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی پێشانگەکەم، رێککەوتنی نێوان من و سەرۆکی سەندیکا، بەڕێوەبەری گەلەرییە، تێیدا بڕیارمان داوە تابلۆیەکی دیاریکراو لەبەردەم ئامادەبوواندا بناسرێت و لە پەیام و ماناکەی بدوێین. منیش تابلۆیەکم هەڵبژاردووە تێیدا وێنەی منداڵێکی کورد لە ژیانی ناو رەشماڵدا پیشان دەدات؛ منداڵێک بە نیشانەکانی نیگەرانی و بێتاقەتییەوە سەیری دوور دەکات و لە داهاتووی خۆی و چارەنووسی منداڵانی کوردستان دڵنیا نییە."
ئەو هونەرمەندە باس لە پەیامی نمایشکردنی تابلۆی منداڵێکی کورد دەکات و دەڵێت، "من لە رێگەی ئەم تابلۆیەوە هەوڵ دەدەم سەرنج بخەمە سەر ترس و نیگەرانییەکانی منداڵانی کورد و ئەو داهاتووە نادیارەی لە ژێر کاریگەریی هەڕەشە و دوژمنایەتییەکاندا رووبەڕوویان دەبێتەوە. هەروەها هەڵبژاردنی ئەم تابلۆیە بۆ باسکردن لەبەردەم ئامادەبوواندا، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هونەر وەک زمانێکی مرۆیی بۆ گەیاندنی پەیامی ترس، هیوای ژیان و نیگەرانی لەسەر چارەنووسی جیلی داهاتوو بەکاربهێنرێت."
یاسین حەسەن باسی لەوەش کرد، "پێشانگەکە جگە لە نمایشکردنی توانای هونەریی من لە بواری وێنەکێشانی واقیعیدا، دەرفەتێکیشە بۆ ناساندنی هونەری من لە دەرەوەی کوردستان و گەیاندنی پەیامە مرۆیی و نەتەوەییەکانم بە بینەرانی ئەڵمانیا."
یاسین حەسەن، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لەساڵی 1968 لە گوڵاڵە لەدایکبووە. لە ساڵی 1994ەوە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە. لە ئەوروپا چەندین پێشانگەی تایبەت و هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەندانی دیاری جیهانی کردۆتەوە و چەندین خەڵاتی جیهانیی بەدەستهێناوە. ناوبراو بە شێوازی ریالیزمی کار دەکات و لە رێگەی تابلۆکانییەوە گوزارشت لە هەست و ژیانی رۆژانەی مرۆڤ دەکات.