موجتەبا، موحسین رەزایی وەک نوێنەری خۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایش دیاری کرد
رێبەری باڵای ئێران، بە فەرمانێکی فەرمی موحسین رەزایی وەک نوێنەری نوێی خۆی لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشان کرد، لە شوێنی محەممەد باقر زولقەدر کە پێشتر نوێنەری رێبەر بوو لەو ئەنجوومەنەدا.
یەکشەممە 9ـی ئابی 2026، نووسینگەی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا نووسیویەتی: "موحسین رەزایی، بەهۆی ئەزموونە بە بەهاکانتەوە، کە یەکێکن لە پێشەنگەکانی سەردەمی پڕ لە شانازیی هەشت ساڵەی بەرگریی پیرۆز، بەم فەرمانە وەک نوێنەری خۆم لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دیاری دەکەم."
رێبەری باڵا لە فەرمانەکەیدا هیوای سەرکەوتنی بۆ رەزایی لەم پۆستە نوێیەدا خواستووە تا خزمەت بە گەلی ئێران بکات.
هاوکات، موجتەبا خامنەیی لە کۆتایی فەرمانەکەیدا سوپاس و پێزانینی تایبەتیی خۆی بۆ تێکۆشان و هەوڵە شەووڕۆژییەکانی محەممەد باقر زولقەدر دەربڕی کە پێشتر لەو پۆستەدا ئەرکەکانی بەڕێوەدەبرد.
هەر لە بڕیارەکەدا، رێبەری باڵای ئێران، محەممەد باقر زولقەدری وەک راوێژکاری سیاسیی نوێی خۆی دەستنیشان کرد.
موحسین رەزایی یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە دیارەکانی کایەی سەربازی، ئەمنی و سیاسی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، کە خاوەنی ئەزموون و مێژوویەکی دوورودرێژە لە بەڕێوەبردنی پۆستە هەستیارەکاندا:
موحسین رەزایی میرقائد لە 1ی ئەیلوولی 1954 لە شاری مەسجد سولەیمان لە پارێزگای خوزستان لە دایکبووە و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری ئابووریدا لە زانکۆی تاران.
لە ساڵی 1981 و لە تەمەنی 27 ساڵیدا، لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینییەوە وەک فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران دەستنیشان کرا.
بۆ ماوەی 16 ساڵی بەردەوام لە نێوان ساڵانی 1981 تا 1997 سەرکردایەتیی سوپای پاسدارانی کردووە، بەمەش درێژترین ماوەی سەرکردایەتیکردنی ئەم دەزگا سەربازییەی لە مێژووی وڵاتەکەدا بەدەستەوە بووە، بەتایبەتی لە ماوەی هەشت ساڵەی جەنگی ئێران و عێراقدا.
سکرتێری ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت، بۆ ماوەی 24 ساڵ لە نێوان ساڵانی 1997 تا 2021 سکرتێری ئەم ئەنجوومەنە باڵایە بووە.
لە ساڵی 2021 لە لایەن ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێرانەوە وەک جێگری ئابووریی سەرۆک کۆمار دیاری کرا.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای هاوئاهەنگیی ئابووریی سەرۆکانی دەسەڵاتەکان، یەکێک بووە لە کاربەدەستە ئابوورییە سەرەکییەکانی دەوڵەت.
لە چەندین خولی جیاوازی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێراندا لە ساڵانی 2005، 2009، 2013 و 2021 وەک بەربژێر بەشداریی کردووە.