شێروانی: واژۆی زیاتر لە 166 پەرلەمانتارمان بۆ چارەکردنی کێشەی بەنزین کۆکردەوە
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، نووسراوێکی فەرمییان بە پاڵپشتیی واژۆی زیاتر لە 166 پەرلەمانتار ئاراستەی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی کردووە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەیەکی بە پەلە بۆ کێشەی بەنزین لە هەرێمی کوردستان.
سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی سووتەمەنی و بە تایبەت بەنزین لە هەرێمی کوردستان، سەرکەوتوو بوون لە کۆکردنەوەی واژۆی زیاتر لە 166 ئەندامی پەرلەمان، کە دەکاتە زۆرینەی رەهای پەرلەمانی.
شێروانی ئاماژەی بەوە کرد، لە رێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوامان کردووە دەستوەردانی بە پەلە بکرێت و رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی بەنزین لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
ئەم ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز روونکردنەوەی دا، کە لە نووسراوەکەدا بە شێوازێکی یاسایی داوایان کردووە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بەنزینی پاڵێوراو یان نەوتی خاو دابین بکرێت. ئەمەش لەسەر بنەمای دەقە دەستوورییەکان و بەپێی رێژەی دانیشتووانی هەرێم، بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی سەرچاوەکاندا.
شێروانی دووپاتی کردەوە، کە داواکارە سەرۆکوەزیران بەدەم ئەم داواکارییە پەرلەمانی و جەماوەرییەوە بێت، بە ئامانجی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان لە کەرتی وزەدا.