سیپان شێروانی: ئۆپۆزسیۆن واژۆ بۆ چارەسەری کێشەی بەنزین ناکات

بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 166 پەرلەمانتاری عێراق واژۆیان کۆکردووەتەوە، بەڵام وەک پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشکرای دەکات، پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنی کورد ئامادە نەبوون واژۆ بۆ ئەو پشتگیرییە بکەن.

سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق کە خاوەنی دەستپێشخەرییەکە و هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆکانە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند؛ تا ئێستا زیاتر لە 166 واژۆ کۆکراوەتەوە، کە دەکاتە زیاتر لە نیوەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق. ئامانجی ئەم هەنگاوەش فشارخستنە سەر عەلی زەیدییە تاوەکو بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەیەکی بەپەلە بۆ کێشەی سووتەمەنی بەتایبەت بەنزین لە هەرێمی کوردستان، بێتە سەر خەت و بڕیاری پێویست بدات.

سیپان شێروانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو واژۆیانەی کۆکراونەتەوە هی پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی و پەرلەمانتارە عەرەبەکانن، بەڵام پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان (نەوەی نوێ، یەکگرتوو و کۆمەڵ) هیچ کامیان ئامادە نەبوون واژۆ لەسەر ئەو داواکارییە بکەن. ناوبراو گوتیشی: "جێگەی سەرنجە پەرلەمانتارانی عەرەب نیگەرانی دۆخی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانن و واژۆیان کردووە، بەڵام پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنی خۆمان ئامادە نین وەک ئەو پەرلەمانتارە عەرەبانە واژۆیەک بکەن بۆ ئەوەی کێشەی هاووڵاتییان چارەسەر ببێت."

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز رەخنەی لە هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارانە گرت و گوتی: "لە میدیاکانیانەوە دەبینین زۆربەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن رەخنە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرن لەسەر پرسی بەنزین، کەچی ئامادە نین واژۆیەک بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، لە کاتێکدا واژۆکەی ئەوان تەنیا بۆ پشتگیرییە نەک بڕیاردان."

سەبارەت بە ناوەڕۆکی داواکارییەکە، سیپان شێروانی دەڵێت: "لە نووسراوەکەدا بە شێوازێکی یاسایی داوامان کردووە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بەنزینی پاڵێوراو یان نەوتی خاو دابین بکرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای دەقە دەستوورییەکان و بەپێی رێژەی دانیشتووانی هەرێمە، تاوەکو دادپەروەری لە دابەشکردنی سەرچاوەکاندا دەستەبەر بکرێت."