رۆمانی "بۆرەی قەپلان" دوای 35 ساڵ جارێکی دیکە بڵاوکرایەوە

رۆمانی "بۆرەی قەپلان"، لە نووسینی عەزیزی مەلای رەشە، دوای 35 ساڵ لە بڵاوبوونەوەی چاپی یەکەمی رۆمانەکە، بەڵام ئێستا ئەو کتێبە لە کتێبخانەکاندا نەماوە، بۆیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، چاپی دووەمی کتێبەکە بڵاوکرایەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ی ئابی 2026، سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو رۆمانە تەنیا گێڕانەوەی چیڕۆکێک نییە، بەڵکو بەشێکە لە بیرەوەری، کەلەپوور، زمان و ژیانی کۆمەڵایەتیی کورد؛ دەقێک کە لە باوەشی بیرەوەریی منداڵێک و چیڕۆکی نەنکێکەوە دەست پێدەکات و خوێنەر دەباتە ناو جیهانی ژیانی کۆنی هەولێر و دەوروبەرەکەی."

گوتیشی، "لە رۆمانەکەدا، وێنەی ئاگردان، شەوانی ساردی پاییز و زستان، نەنک و منداڵ و گێڕانەوەی چیڕۆکە کۆنەکان، تەنیا یادەوەرییەکی خێزانی نین؛ بەڵکو وێنەی شێوازێکی ژیانی کۆنن کە زۆرێک لە پەند و زانیاری و چیڕۆکەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە رێگەی گێڕانەوەی زارەکییەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گوازراونەتەوە."

سیروان عوسمان باس لە وردەکاری ناو رۆمانەکە دەکات و دەڵێت، "ئەو رۆمانە بە وردەکارییەوە باس لە سروشت و جوگرافیای ناوچەکە دەکات؛ لە دورگۆکە و زێ و دەشت و دارستانەوە تا ناوی رووەک و گوڵە کۆنەکان، کە هەر یەکێکیان بەشێکە لە فەرهەنگی زمانی و ژینگەیی ئەو ناوچەیە."

دەربارەی چاپی یەکەمی رۆمانەکە پێش 35 ساڵ، سیروان عوسمان دەڵێت، "چاپی یەکەمی رۆمانی "بۆرەی قەپلان"، دوای تێپەڕینی 35  ساڵ ئێستا لە کتێبخانەکاندا نەماوە، ئەوەش هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ بڕیاردان لەسەر چاپکردنەوەی کتێبەکە. هەروەها چاپی یەکەمی بۆرەی قەپلان لە ساڵی 1990دا بڵاوکرایەوە، دوای 35 ساڵ، بەشانازییەوە چاپی دووەمی ئەم بەرهەمەمان بڵاوکردەوە. چونکە چاپی یەکەمی نەماوە، بۆیە  بە پێویستمان زانی کتێبەکە جارێکی تر بگەڕێنینەوە ناو کتێبخانەکان."

ئەوەشی گوت، "ئەو رۆمانە بەهۆی ئەوەی لە ناو خۆیدا چیڕۆک و کەلەپوور و ژیانی رۆژانەی خەڵک پێکەوە گرێ دەدات، تەنیا بەرهەمێکی ئەدەبی نییە، بەڵکو دەتوانێت وەک بەڵگەیەکی گرنگی بیرەوەری و کەلەپووری ناوچەکەش بخوێندرێتەوە."

دەربارەی نووسینی پێشەکی کتێبەکە لەلایەن د. کەمال مەزهەر، سیروان عوسمان دەڵێت، "لە پێشەکیی چاپی یەکەمی کتێبەکەدا، رەوانشاد د. کەمال مەزهەر ئەحمەد لە پەیامێکدا لە 12ـی نیسانی 1990، دەستخۆشی لە نووسەر دەکات و بەرهەمەکە بە کاری پڕمانا و بەکەڵک دەزانێت. ئەو هەروەها هیوا دەخوازێت دایک و باوکانی کورد و منداڵەکانیان کتێبەکە بخوێننەوە. ئەو هەڵسەنگاندنەی د. کەمال مەزهەر، نیشانەی ئەوەیە کتێبەکە لە سەردەمی خۆیدا تەنیا وەک چیڕۆکێکی خۆش نەبینراوە، بەڵکو وەک بەرهەمێکی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی گرنگی پێدراوە."

سیروان عوسمان ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم کتێبە تەنیا باس لە قەپلان ناکات؛ باس لە جیهانێک دەکات، بەشێکی زۆری ئەمڕۆ بووەتە بیرەوەری. ئاگردان، نەنک، منداڵ، دارستان، دەشت، رووبار، ناوی رووەک و شوێنەکان، هەموویان پارچەیەکن لە مێژووی ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئەو سەردەمە. بۆیە پاراستنی ئەم جۆرە بەرهەمانە پاراستنی بەشێکە لە بیرەوەری و کەلەپووری کۆمەڵگەکەمان."

چاپکردنەوەی رۆمانی "بۆرەی قەپلان"، دوای 35 ساڵ، لەگەڵ ئەوەی دەرفەتێکە بۆ خوێنەرانی نوێ بۆ ناسینەوەی ئەم بەرهەمە، هەروەها هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی بەرهەمێکی ئەدەبی و کەلەپووری بۆ ناو بازاڕی کتێب؛ بە تایبەتی لە کاتێکدا چاپی یەکەمی بە تەواوی لە بازاڕدا نەماوە.

عەزیزی مەلای رەش، نووسەر و رۆماننووسی دیاری کورد، لە  ساڵی 1936 لە ھەولێر لەدایکبووە و لە منداڵییەوە لەلای باوکی لە حوجرە خوێندوویەتی. دوای شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958، لە ساڵی 1959 عەبدولکەریم قاسم بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە پەسەند دەکات بۆ بەشداریکردنی ھەندێک مەلای ئایینی، عەزیزی مەلای رەش چووەتە خولی مامۆستایی و دواتر بووەتە مامۆستای سەرەتایی. وەک ئەدیب و نووسەرو رۆماننووسێک توانیویەتی دەیان نووسین و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و زمان و چیرۆک و بەرھەمی منداڵان و چەندین رۆمانە کتێب ئامادە و چاپ بکات و کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند بکات. تاوەکو ئێستا 20 کتێبی نووسیوە. ئێستا عەزیزی مەلای رەش خانەنشینە و لە ھەولێر نیشتەجێیە.