کوردناسێکی رووس دێتەوە کوردستان

پەیکەرێک بۆ دامەزرێنەری کوردناسی لە رووسیا دروست دەکرێت

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی دروستکردنی پەیکەرێک بۆ زانا و کوردناسی ناوداری رووس "پ. د. جۆزێف ئۆربێلی" رادەگەیەنێت، هاوکات گفتوگۆ لەسەر دیاریکردنی شوێنی دانانی پەیکەرەکە لە نێوان هەولێر و هەڵەبجە بەردەوامە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە ماکسیم رۆبین، سەرکونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەرێمی کوردستان کرا، لە دیدارەکەدا وەزیری رۆشنبیری سوپاسی کونسوڵخانەی رووسیای کرد بۆ هەماهەنگییە کولتوورییەکانیان، بەتایبەت لە هاوکاریکردنی وەزارەت بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکانی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ.

نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند "دروستکردنی پەیکەری زانای ناودار جۆزێف ئۆربێلی، لەسەر پێشنیازی قوتابییەکی کوردی بەشی پەیکەرسازی لە مۆسکۆ بەناوی 'هاوار عەلی' بووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی هەڵەبجە ئەرکی دروستکردنی پەیکەرەکەی گرتووەتە ئەستۆ.

سەبارەت بە شوێنی دیاریکراو بۆ دانانی پەیکەرەکە، نامیق هەورامی گوتی "بڕیار وایە پەیکەرەکە لە هەڵەبجە دابنرێت و ئەوە بە مافی ئەوان دەزانین، بەڵام ئەمڕۆ کونسوڵی گشتیی ڕووسیا داوای کرد پەیکەرەکە لە هەولێر بێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە، پێشنیازمان کردووە کۆپییەکی پەیکەرەکە لە هەولێر دابنرێت تاوەکو کۆتایی بەو ناکۆکییە بهێنرێت."

پ. د. جۆزێف ئۆربێلی، یەکێکە لە زانا هەرە ناودارەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و بە دامەزرێنەری بەشی کوردناسی لە سانت پترسبۆرگ دادەنرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری باسی لەوە کرد کە ئەم نووسەرە توانی بەشی کوردناسی لە رووسیا سەربەخۆ بکات و لە بەشی ڕۆژهەڵاتناسی جیای بکاتەوە. بەهۆی هەوڵەکانی ئۆربێلی بوو کە لە ساڵی 1959 بەشی کوردی لە پەیمانگای دەستنووسە رۆژهەڵاتییەکان لە شاری لێنینگراد کرایەوە، کە ئەمەش وەک دەستکەوتێکی مەزن بۆ مێژووی لێکۆڵینەوە کوردناسییەکان هەژمار دەکرێت.