یەکەمین کتێبی دیجیتاڵی کوردی بەناوی "دەفیانە"  بڵاوکرایەوە

محەمەد بەرزنجی، هونەرمەند و رۆژنامەنووس، یەکەمین کتێبی دیجیتاڵی بە زمانی کوردی بۆ فێربوونی ئامێری دەف، لە چوارچێوەی پرۆژەی هونەریی "دەفیانە" بڵاوکردەوە و دەڵێت، " ئەو کتێبە هەنگاوێکی گرنگە و دەتوانرێت ببێتە سەرچاوەیەکی ئەکادیمی بۆ فێرخوازان و مامۆستایانی ئەم ئامێرە لە کوردستان."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ی ئابی 2026، محەمەد بەرزنجی، هونەرمەند و رۆژنامەنووس بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو کتێبە یەکەمین سەرچاوەی کوردییە کە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ فێربوونی دەف ئامادە کراوە و بیرۆکەی نووسینی کتێبەکەش لەوەوە سەرچاوەی گرت کە سەرەڕای ئەوەی دەف یەکێکە لە کۆنترین ئامێرە موزیکییەکانی کورد، بەڵام تاکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی ئەکادیمی بە زمانی کوردی بۆ فێربوونی ئەم ئامێرە بوونی نەبوو، بۆیە هەوڵم دا ئەو کەلێنە پڕ بکەمەوە."

گوتیشی، "کتێبەکە هەموو بنەما سەرەتایی و پێشکەوتووەکانی فێربوونی دەفی تێدا کۆکراونەتەوە؛ لە شێوازی دروستی گرتنی دەف، ناساندنی نۆتی موزیک، خوێندنەوەی ریتم، فێربوونی ریتمە کوردی و جیهانییەکان، هەروەها روونکردنەوەی ئەکادیمی بۆ هەر بابەتێک بە زمانی کوردی."

محەمەد بەرزنجی باس لە گرنگیی بڵاوکردنەوەی کتێبەکە دەکات و دەڵێت، "کتێبەکە تەنیا بە نووسین سنووردار نییە، بەڵکو لە رێگەی سیستەمێکی دیجیتاڵییەوە، لە کۆتایی هەر وانەیەک خوێنەر دەتوانێت گوێ لە شێوازی جێبەجێکردنی ریتم و ژەنینی دەف بگرێت، ئەوەش پرۆسەی فێربوون ئاسانتر و کاریگەرتر دەکات."

لە کۆتایی قسەکانیدا، محەمەد بەرزنجی باس لە ئامانجی ئەو پڕۆژەیە دەکات و دەڵێت، "ئامانجی سەرەکی ئەم پرۆژەیە زیادکردنی ژمارەی ژەنیارانی دەفە لە کوردستان و پاراستن و پەرەپێدانی میراتی موزیکی کوردییە. هەروەها پڕۆژەی "دەفیانە"، پلانی گەورەی داهاتووی هەیە بۆ خزمەتکردن بە هونەری کوردی و گەیاندنی دەنگی دەف بۆ هەر ماڵێکی کوردستان."

محەمەد بەرزنجی، هونەرمەند و رۆژنامەنووس، دانیشتووی شاری سلێمانییە. لەگەڵ کاری رۆژنامەوانیدا، زیاتر لە پێنج ساڵ ئەزموونی لە ژەنینی دەف هەیە و دوو ساڵیش لە شاری چەمچەماڵ وەک مامۆستای دەف و بەڕێوەبەری گرووپێکی دەف کاری کردووە.