تانکەر تراکەرز: ئێران بارکردنی نەوتی خاوی لە دوورگەی خارگ دەستپێکردەوە

سەرەڕای سەرەسەندنی گرژییەکان و ئاڵۆزی لە ناوچەکە و بە تایبەت بەندەرەکانی ئێران، کۆمپانیای تانکەر تراکەرز رایگەیاند، ئێران جارێکی دیکە دەستی کردووەتەوە بە هەناردەکردنی نەوەت لە دوورگەی خارگ. 

هەینی 14ـی ئابی 2026، کۆمپانیای تانکەر تراکەرز کە تایبەتە بە چاودێریکردنی جووڵەی نەوتهەڵگرەکان رایگەیاند، رۆژی رابردوو نەوتهەڵگرێکی زەبەلاحی سەر بە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتهەڵگرەکانی ئێران بینراوە کە خەریکی بارکردنی نزیکەی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بووە لە بەندەری ئازەرباد لە دوورگەی خارگ.

ئەم کۆمپانیایە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمە یەکەم پرۆسەی بارکردنی نەوتە لە دوورگەی خارگ لە دوای کۆتایی مانگی تەممووزی رابردووەوە تۆمار کرابێت، هەرچەندە لەو ماوەیەدا ئێران لە رێگەی بەندەرەکانی دیکەوە بەردەوام بووە لە بارکردنی نەوت بۆ ناو کەشتییەکان.

هەروەها تانکەر تراکەرز پێشبینی دەکات، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە ئێستادا نزیک بێت لە ئاستی بەکاربردنی پاڵاوگە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە، ئەمەش بەو واتایە دێت، رەنگە تاران لەم کاتەدا پێویستی بە هەناردەکردنی بڕێکی زۆری نەوتی خاو بۆ دەرەوە نەبێت.

ئەم راپۆرتەی تانکەر تراکەرز دوای ئەوە هات، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا گوتی: هێزی دەریایی ئەمریکا، لە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی پێویست بێت.

ئەم لێدوانانەی هێگسێت ئاماژەن بۆ ئامادەیی سوپای ئەمریکا بۆ هێشتنەوەی فشارە ئابووری و سەربازییەکان بەسەر تاراندا.

لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ' لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کردووە، چاوەڕوان دەکرێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەیەکی نزیکدا شایەتی چەند جووڵەیەکی سەربازی بێت، بە شێوەیەک بڕیار دراوە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری 'جۆرج واشنتن' رەوانەی ناوچەکە بکرێت بۆ ئەوەی جێگەی فڕۆکەهەڵگری 'ئەبراهام لینکۆڵن' بگرێتەوە.

ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیژیدایە بۆ جێگۆڕکێی خولیی هێزەکان و کەشتیگەلە دەریاییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.