عەممار حەکیم: پارتی وێستگەیەکی دیارە لە خەباتی نیشتمانیی عێراقدا
عەممار حەکیم بەبۆنەی یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات، هەروەها رۆڵی ئەو حیزبە لە چەسپاندنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە عێراقدا بەرز دەنرخێنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق لە پەیامێکدا بە بۆنەی یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆک بارزانی، سەرکردایەتی و کادیران و جەماوەری پارتی کرد.
عەممار حەکیم لە پەیامەکەیدا هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتری بۆ پارتی خواستووە بۆ بەردەوامبوون لە کاروانی خەباتی نیشتمانی و خزمەتکردنی رۆڵەکانی گەل بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی.
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی روونی کردووەتەوە، دامەزراندنی پارتی وێستگەیەکی دیار بوو لە رەوتی ژیانی سیاسی و نیشتمانیی عێراقدا، بە درێژایی دەیان ساڵ لە خەبات لەپێناو چەسپاندنی مافەکانی گەلی کوردستان، ئامادەییەکی کاریگەری هەبووە. هەروەها بەرگری لە بەهاکانی ئازادی و دادپەروەری کردووە، رۆڵێکی گرنگیشی لە بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسیدا گێڕاوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی رەوتی حیکمە رۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە پشتگیریکردنی پرۆسەی سیاسی و رەوتی دیموکراسی لە عێراقدا بەرز نرخاندووە.
لە هەمان کاتدا جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان لەسەر گرتنەبەری رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و هاوبەشی کردووەتەوە وەک تاکە رێگە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵەنگارییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری.
پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی 16ی ئابی ساڵی 1946 بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفا بارزانی دامەزراوە. ئەم پارتە یەکێکە لە پارتە سەرەکی و دیارەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆژە لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا وەک وەرچەرخانێکی گەورە دەبینرێت، چونکە ئەم رێکەوتە تەنیا یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، بەڵکو هاوکاتە لەگەڵ یادی 80 ساڵەی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی؛ ئەو سەرکردەیەی تەمەنی خۆی لە نێو جەرگەی رووداوە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەدا بەسەر برد و بووە یەکێک لە کارەکتەرە هەرە کاریگەرەکانی دۆزی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.