لە پێگەیەکی شوێنەواریی هەولێر پارچە مسێک بە ناوی 'هۆلاکۆ' دۆزرایەوە

لەمەودای دەشتی هەولێردا و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و بەشی شوێنەواری زانکۆی سەلاحەدین، هەڵکۆڵینێکی رزگاریی بەرفراوانیان بۆ پێگەی شوێنەواریی 'حەزە (215)' دەستپێکردووە. پڕۆژەکە بە تەواوی لەلایەن تیم و پسپۆڕانی ناوخۆییەوە بەڕێوەدەبرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، نادر بابەکر، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند "ئەمە یەکەمجارە لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر و هەرێمی کوردستان، هەڵکۆڵینێکی زانستیی ئەوەندە بەرفراوان بە دەستی کادیری راهێنراوی ناوخۆیی و بە بەکارهێنانی ئامێری زۆر پێشکەوتوو ئەنجام بدرێت، ئەمەش ئاستی بەرزی توانای پسپۆڕانی ئێمە دەسەلمێنێت."

دۆزینەوەی پارچەیەکی دەگمەنی سەردەمی هۆلاکۆ

دەربارەی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵکۆڵینەکە، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر ئاشکرای کرد کە پێگەی حەزە گەنجینەیەکی دەولەمەندی مێژوویی لەخۆدەگرێت؛ لەوانە دەیان مۆر، سکەی دراو، گۆزە، و نەخش و نیگاری سەردەمی ئەشکانی و ساسانییەکان.

سەبارەت بە دیارترین دۆزراوەش، نادر بابەکر گوتی "یەکێک لە دۆزراوە ناوازەکان پارچە مسێکە کە ناوی 'هۆلاکۆ'ی لەسەر هەڵکۆڵدراوە و بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەو دەگەڕێتەوە، جگە لەوەی ئاماژەکان دەریخستووە لەو ناوچەیەدا شوێنێکی ئایینی گرنگیش بوونی هەبووە."

لە هەولێرەوە تا کەرکووک؛ تۆڕێک لە شاری مێژوویی

نادر بابەکر ئاماژەی بۆ گەورەیی نەخشەی شوێنەواریی ناوچەکە کرد و گوتی "پشکنینەکانی ئەم دواییە سەلماندوویانە کە هەولێر لە کۆندا لە چەندین شاری بچووک بچووک، گرد و شوورەی درێژخایەن پێکهاتووە، تەنانەت گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی کە لە دەشتی هەولێرەوە تاوەکو سنووری کەرکووک، رووبەرێکی بەرفراوانی شوێنەواری و مێژوویی بوونی هەیە."

هەروەها بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر جەختی کردەوە، دوای کۆتاییهاتنی کارە مەیدانییەکان، ئەنجامە زانستییەکان بۆ رای گشتیی بڵاودەکەنەوە و پێگەی 'حەزە'ش بە فەرمی وەک پێگەیەکی گرنگی نیشتمانی تۆمار دەکرێت.

ناوبراو ئاماری پێگە تۆمارکراوەکانیشی خستەڕوو کە تاوەکو ئێستا هەزار و 200 پێگەی شوێنەواری لە هەولێر، 400 پێگە لە کۆیە، و 200 پێگەی دیکەش لە ناوچەکانی هەریر و شەقڵاوە تۆمار کراون.