لە دياربەكر پێشانگای پسپۆڕیی خۆراک و تامە خۆجێییەکانی مێزۆپۆتامیا دەستی پێکرد

لە شاری دیاربەکری باکووری کوردستان، هەشتەمین پێشانگای پسپۆڕیی خواردن و تامە خۆجێییەکانی میزۆپۆتامیا بە بەشداریی 172 کۆمپانیا لە 62 شاری جیاوازەوە کرایەوە و بڕیارە تا ڕۆژی 22ـی ئەم مانگە بەردەوام بێت.

لە رێوڕەسمێکی جیاوازدا لە ناوەندی کۆنگرە و پێشانگای میزۆپۆتامیا، لەجیاتی بڕینی قردێلەی ئاسایی، پەنیرێکی درێژی «قەرەژداخ» بە درێژایی 21 مەتر بۆ کردنەوەی پێشانگاکە بڕدرا.

سەرپەرشتیارانی پێشانگاکە ئاماژە بەوە دەکەن کە کردنەوەی ئەم پێشانگایە لە دیاربەکر بایەخێکی تایبەتی هەیە، چونکە دیاربەکر و میزۆپۆتامیا خاوەنی مێژوویەکی دێرینی کشتوکاڵ و کولتووری خواردنن و بۆ یەکەمجار گەنم لەم ناوچەیەدا چێندراوە و ئاژەڵ ماڵی کراوە. هەروەها بەرپرسێکی بەشداربوو ڕایگەیاند کە 59 جۆر خواردن و بەرهەمی دیاربەکر نیشانەی جوگرافییان (Coğrafi İşaret) وەرگرتووە و دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم پێشانگایەوە بە هەمووانی بناسێنن.

بەشداریی شارەکانی باکوور و تورکیا لە پێشانگاکەدا جگە لە بەرهەمە خۆجێییەکانی دیاربەکر، کۆمپانیا و بەرهەمهێنەرانی شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیاش بەشدارن. فرۆشیارێک لە جۆلەمێرگ (هەکاری)ـیەوە بەشدارە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەنگوین، دۆشاو و پەنیری جۆلەمێرگیان بۆ خەڵکی دیاربەکر هێناوە. هاوکات بەشداربوویەکی دیکە لە شاری ترابزۆنـەوە هاتووە، کەرەی بەناوبانگی ترابزۆنی خستووەتە روو و دەڵێت پێشانگاکانی دیاربەکر هەمیشە بەرەکەتدار و قەرەباڵغن.

لە لایەکی دیکەوە، چێشتلێنەران و شێفە گەنجەکان لەناو پێشانگاکەدا تیشکیان خستووەتە سەر زیندووکردنەوەی ئەو خواردنە کۆن و نەریتییانەی خەریکە لەناو چێشتخانەی ماڵەکاندا لەبیر دەکرێن، وەک گۆشتی قەڵ و خواردنە فۆلکلۆرییەکانی دیاربەکر.

سێبەری گرانی بەسەر پێشانگاکەوە هەرچەندە پێشانگاکە بووەتە هۆی جووڵەیەکی بازرگانی و ناساندنی تامە خۆجێییەکان، بەڵام گرانیی گشتیی بازاڕ لە پێشانگاکەشدا رەنگی داوەتەوە. سەردانیکەرێک بە کوردستان24ـی گوت کە نرخەکان بە گشتی بەرزن، بە جۆرێک کیلۆیەک ماسیی وشکی وان دەگاتە نزیکەی 14 بۆ 15 دۆلار و نرخی هەنگوینیش بەرزە، ئەمەش نیگەرانی لای بەشێک لە هاووڵاتییان دروست کردووە.

هەشتەمین پێشانگای خواردن و تامە خۆجێییەکانی میزۆپۆتامیا، تا ڕۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2026 کراوە دەبێت بە رووی هاووڵاتییان و گەشتیاراندا.