قالیباف سبەی سەردانی بەغدا دەکات

بڕیارە سبەی چوارشەممە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا بگاتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆببێتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتی میدیاکانی ئێران، رۆژی چوارشەممە 19ـی ئاب، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای پەرلەمانی سەردانی عێراق دەکات.

ئەم سەردانەی قالیباف بە مەبەستی گفتوگۆکردنە لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، پەرەپێدانی هاوکارییە ستراتیژییەکانی نێوان تاران و بەغدا و تاوتوێکردنی رێکارە هاوبەشەکان بۆ یارمەتیدان لە دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە رۆژئاوای ئاسیادا.

میدیاکانی ئێران ئاماژە بەوەش دەکەن، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەم سەردانەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و کەسایەتییە دیارەکانی عێراق کۆدەبێتەوە. لە دیدارەکاندا گفتوگۆ لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دوولایەنەکان، ئاسایشی سنوورەکان، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، گەشەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان و جێبەجێکردنی رێککەوتنە هاوبەشەکان دەکرێت.

دوایین سەردانی قالیباف بۆ بەغدا، جگه لە بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی رێبەری پێشووی ئێران، بۆ ساڵی 2024 دەگەڕێتەوە. وەک خۆی پێشتر رایگەیاندبوو، ئامانجی ئەو سەردانەی بەدواداچوونی یاسایی بوو بۆ دۆسیەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کە لە فڕۆکەخانەی بەغدا کرایە ئامانج.

ئەو سەردانەی قالیباف لەکاتێکدایە، پێشتر عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران، رایگەیاندبوو کە تاران کار بۆ وەرگرتنەوەی 11 ملیار دۆلار قەرزی گاز و کارەبا لە عێراق دەکات و دەیەوێت قەبارەی بازرگانیی نێوانیان بگەیەنێتە 12 ملیار دۆلار. ئەمەش لەکاتێکدایە، سزاکانی ئەمریکا و رێگرییەکانی وەزارەتی گەنجینە بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم دانەوەی قەرزەکان بە شێوەی نەختینەیی. هەرچەندە لە ساڵی 2025 هەوڵێکی لێخۆشبوون هەبوو بۆ دانەوەی قەرزەکان بە خۆراک و دەرمان، بەڵام واشنتن دواتر بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە. تاران جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەشەپێدانی بازرگانی لەگەڵ دراوسێکان، رێگەیەکە بۆ پووچەڵکردنەوەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان و بڕیارە لەو چوارچێوەیەشدا لیژنەیەکی هاوبەشی ئابووری لە بەغدا پێکبهێندرێت.