پارتی چاکسازیی تورکمان هێرشە درۆنییەکان ئیدانە دەکات
پارتی چاکسازیی تورکمان هێرشە درۆنییەکانی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکات و جەخت دەکاتەوە کە پێشێلکردنی سەروەری، ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.
عەبدولقادر بازرگان، سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "بە توندترین وشە، هێرشی درۆنیی سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە قەزای پیرمام بە توندی مەحکووم و ئیدانە دەکەین".
هەروەها جەخت دەکاتەوە "ئەم هێرشە و هەر دەستدرێژییەکی تر بۆ سەر خاک و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنی سەروەری، ئارامی و ئاسایشی ناوچەکەیە و بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نییە".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا، سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان دەڵێت "خۆشحاڵین کە ئەم هێرشە زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام پێویستە ئەنجامدەران و پشتگیریکەرانی ئەم هێرشانە بە شێوەیەکی یاسایی و ڕوون بەرپرسیار بکرێن و دەست لە دووبارەکردنەوەی ئەم کردارە مەترسیدارانە بگیرێت".
لە کۆتاییدا، پشتیوانیی پارتەکەی بۆ سەلامەتی، سەروەری و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕیووە و داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە بەرپرسیارییەوە هەنگاوی پێویست بنێن بۆ پاراستنی ئارامی و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە.